پێنتاگۆن: پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین شەش مانگی پێویستە
شارەزایانی بواری گواستنەوەی دەریایی هۆشداری دەدەن کە تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بە تەواوی بکرێتەوە، ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کاڵا بازرگانییەکان چەندین مانگی پێویستە.
داتاکانی دامەزراوەی Kpler بۆ شیکردنەوەی گواستنەوەی دەریایی ئاماژە بەوە دەدەن، گەڕانەوەی جموجۆڵ بۆ گەرووی هورمز لە نێوان مانگەکانی ئایار تاوەکو ئەیلوول بە شێوەیەکی قۆناخبەندی دەبێت، ئەمەش تەنیا لەو کاتەی ئەگەر ئێران دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو رێڕەوەدا کەم بکاتەوە و رێگە بە هاتوچۆی ئازاد بدات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاندووە، پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکانی ئێران رەنگە 6 مانگی پێویست بێت. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئێران زیاتر لە 20 ئامێری مینڕێژکراوی بە GPS ئاراستەکراوی لەو رێڕەوەدا چاندووە، کە دۆزینەوەیان کارێکی زۆر قورسە.
مات وایت، سەرۆکی تیمی شیکاریی بارھەڵگر لە Kpler دەڵێت: "ئێستا ئێران کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوی گەرووەکەی کردووە و تەنیا بە مۆڵەتی پێشوەختە رێگە بە کەشتییەکان دەدات تێپەڕ بن." ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت کەشتییەکانی هیندستان و پاکستان، کە وەک دۆستی تاران دەبینرێن، بە ئازادی هاتوچۆ ناکەن و لەم هەفتەیەدا دوو کەشتی کۆنتێنەر لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەستیان بەسەردا گیراوە.
قۆناخەکانی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی:
بەگوێرەی راپۆرتەکەی Kpler، ئەگەر رێککەوتنی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئایار ئەنجام بدرێت، پرۆسەی چاکبوونەوە بەم شێوەیە دەبێت:
کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بارە وشکەکان (مانگی تەممووز):
پێشبینی دەکرێت ئەم جۆرە کەشتییانە یەکەمجار بگەڕێنەوە و تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووز توانای هەناردەکردنیان بگاتەوە 100%ی پێش جەنگ.
کەشتییەکانی کۆنتێنەر (مانگی ئاب):
کۆمپانیا گەورەکانی کۆنتێنەر بەهۆی ئەزموونی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. پێشبینی دەکرێت هاتوچۆی ئەم کەشتییانە لە مانگی تەممووز بگاتە 50% و لە مانگی ئابدا ئاسایی ببێتەوە.
کەشتییەکانی گازی سروشتی LNG (مانگی ئەیلوول):
ئەم کەشتییانە دوایین جۆر دەبن کە دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی. بەهۆی ئەوەی ئەم کەشتییانە گرانترین جۆری کەشتی بازرگانین و تێچووی دڵنیایی (تأمین) لەسەریان زۆر بەرزە، تاوەکو مانگی ئەیلوول جموجۆڵەکانیان بە تەواوی ئاسایی نابێتەوە.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی خاوەن کەشتییەکان (Bimco) هۆشداری دەدات کە بارودۆخی ئەمنی هێشتا ناسەقامگیرە و هەندێک لایەن بە ناوی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئیمەیڵی ساختە بۆ کەشتییەکان دەنێرن و داوای سەرانە و باج دەکەن بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە.