پارێزگاری کەرکووک دەسەڵاتی جێگرەکەی کەمکردەوە

محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، فەرمانێکی نوێی کارگێڕی سەبارەت بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کارگێڕی پارێزگاکە دەرکرد، کە بەپێی فەرمانەکە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی پارێزگار کەمکراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، هەردوو بەشی (ئەملاک) و (کاروباری هاووڵاتیان) لە نووسینگەی جێگری یەکەمی پارێزگار جیاکراونەتەوە و لەمەودوا راستەوخۆ بە نووسینگەی پارێزگاری کەرکووکەوە دەبەسترێنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24 کە لە سەرچاوەیەکی ناو پارێزگای کەرکووکەوە دەستی کەوتوون، پێشتر رێبوار تەها بەر لەوەی لە پۆستی پارێزگار لابچێت، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی پارێزگاری گواستبووەوە بۆ نووسینگەی جێگری یەکەم. بەڵام پارێزگاری نوێی کەرکووک کە لە پشکی بەرەی تورکمانییە و چەند رۆژێکە بەپێی رێککەوتنێکی پێشینەی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتووە، بڕیاریداوە ئەو دەسەڵاتانە بۆ پۆستی پارێزگار بگەڕێنێتەوە و لە رێبوار تەها، جێگری ئێستای پارێزگاری کەرکووک، وەریان بگرێتەوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی ئیدارەی نوێی کەرکووکدایە، کە تێیدا دابەشکارییەکی نوێ بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردنی بەشەکانی ناو دیوانی پارێزگا دەستیپێکردووە.