کەرکووک.. بارهەڵگرێک خۆی بە 35 ئۆتۆمبێلدا کێشا و دەیان قوربانی لێکەوتەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026، لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە شاری کەرکووک، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەهۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ و خێراییەکی زۆرەوە، بە شێوەیەکی زنجیرەیی خۆی بە 35 ئۆتۆمبێلی تردا کێشا. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 24 کەسی دیکە، کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.
سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا. بەهۆی قەبارەی گەورەی بارهەڵگرەکە و خێراییەکەی، ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی زنجیرەیی بەیەکدا کێشاون و زیانی ماددی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە، بە جۆرێک هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوی تێکشکاون.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە گەنجێکی دەرچووی زانکۆ بوو و ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ئاهەنگی دەرچوون رازاندبووەوە، بە "کوردستان24"ـی گوت: "بارهەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆر کە نزیکەی 110 بۆ 120 کیلۆمەتر دەبوو لە کاتژمێرێکدا، هات و راستەوخۆ خۆی بە 6-7 ئۆتۆمبێلی بەردەممدا کێشا."
هەروەها شایەتحاڵێکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد کە بارهەڵگرەکە نەوەستاوە تاوەکوو وەرگەڕاوە، و دیمەنی رووداوەکە وەک "قیامەت" وابووە و چەندین تەرم لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا مابوونەوە.
رووداوەکە کاردانەوەی فەرمیشی لێکەوتەوە؛ شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکدا، خەمباریی قووڵی خۆی بۆ قوربانیان دەربڕی و رایگەیاند دەستبەجێ پەیوەندیی بە وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و سوپاسی ئامادەیی ئەوانی کردووە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک. هەروەها تیمی نووسینگەکەی رەوانەی نەخۆشخانەکان کردووە بۆ بەدەمەوە چوونی بریندارەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکووک.
هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو رووداوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بارەی ئەم رووداوە ناخ هەژێنەی کەرکووک دەرگای نەخۆشخانەکانی هەولێر بەڕووی بریندارانی ئەم رووداوە کراوەتەوە و هەر پێویستییەکی دیکەش هەبێت بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیان ، پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک ئامادەیە
هەر سەبارەت بە رووداوەکە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، تەواوی نەخۆشخانەکانمان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بریندارانی ئەو رووداوانەی شاری کەرکووک و ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکان و ئامادەیی بۆ ناردنی تیمەکانی تەندروستی فریاگوزاری و دابینکردنی خوێن و دەرمان و پێداویستی پزیشکی و هەر پێویستیەک.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وێڕای سەرەخۆشیمان بۆ گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری کەرکووک، هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
ئێستا بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکووک کراون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لە هۆکاری راستەقینەی پەککەوتنی بارهەڵگرەکە، لە کاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە داوای رێکاری توندتر دەکەن بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە ناو شاردا بۆ ئەوەی کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
چرکەساتی رووداوە خوێناوییەکەی کەرکووک؛ بارهەڵگرێک کە چیمەنتۆی بارکردووە خۆی کێشاوە بە 28 ئۆتۆمبێل تاوەکو ئێستا شەش کەس گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسیش بریندارن pic.twitter.com/oYfK64wZbW
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) April 26, 2026
"لەبەر چاوی من چەند کەسێک مردن" ئەمڕۆ رووداوەکەی کەرکووکی دڵی کوردستان، دڵی هەموو کوردستانی خستە گریان pic.twitter.com/4ZKcc3MO4l
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) April 26, 2026