سێ لە بریندارانی رووداوەکەی کەرکووک پێشمەرگەن

بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە کەرکووک ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، سێ لەو کەسانەی برینداربوونە پێشمەرگەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە دەیان قوربانی گیانی لێکەوتەوە و زیانی ماددی زۆری بە ژمارەیەک ئۆتومبێل گەیاند و هەروەها شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستداوە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە گەنجێکی دەرچووی زانکۆ بوو و ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ئاهەنگی دەرچوون رازاندبووەوە، بە "کوردستان24"ـی گوت: "بارهەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆر کە نزیکەی 110 بۆ 120 کیلۆمەتر دەبوو لە کاتژمێرێکدا، هات و راستەوخۆ خۆی بە 6-7 ئۆتۆمبێلی بەردەممدا کێشا."

هەروەها شایەتحاڵێکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد کە بارهەڵگرەکە نەوەستاوە تاوەکوو وەرگەڕاوە، و دیمەنی رووداوەکە وەک "قیامەت" وابووە و چەندین تەرم لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا مابوونەوە.

قوربانییەکانی رووداوەکە

بەگوێرەی کۆتا ئاماری رووداوەکە کە کۆپیەکی بۆ کوردستان24، نێردراوە بەمشێوەیە:

گیانیان لەدەستدان: پیاوێک و چوار ئافرەت و مندالێک.

برینداربوون: 17 پیاو و شەش ئافرەت و مندالێک.

هەروەها سێ لە بریندارەکان پێشمەرگەن و یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

وەزیری تەندروستی" تەواوی نەخۆشخانەکانمان ئەمادەن بۆ وەرگرتنی بریندارانی رووداوەکە"

لەسەر رووداوەکە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەحمەد عەبدولسەمەد پەیامنێری کوردستان24، لە هەولێر راگەیاند، "لە رێگەی تەلەفۆنەوە، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کەرکووک ئەنجامداوە و ئامادەیی تەواوی هاوکارییەکانمان نیشانداون و لەبەرانبەریشدا بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک پێی راگەیاندوە لە ئەگەری پێویستی هاوکاری پەیوەندیان پێوەدەکەن"

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە داوە، سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنووری پاریزگای هەولێر ئامادەن و هاوکات تیمی تەندروستی و ئەمبولانس و خوێنیش ئامادەیە ئەگەر پیویستی ناردنیان بکات بۆ کەرکووک.

پارێزگاری هەولێر" دەرگای نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بەرووی برینداران کراوەیە"

هەروەها ئومێدخۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: دەرگای نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بەرووی برینداران کراوەیە، هەرچیەک پێویست بکات هاوکار و هەماهەنگ دەبن.