بنکەکانی پۆلیسی هەولێر بە سیستەمێکی دیجیتاڵی بە یەک دەبەسترێنەوە

پۆلیسی پارێزگای هەولێر پلانی بە دیجیتاڵکردنی بنکەکانی پۆلیس جێبەجێ دەکات.

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوەکانی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردن دەستپێدەکەن و وەک هەنگاوی یەکەمیش سەرجەم کارەکانی بنکەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە دیجتاڵی دەکرێن. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتیشی، پرۆسەی سیستمی بە دیجیتاڵکردن ئاسانکاری تەواو بۆ کاروباری کارگێڕی و هاووڵاتییان دەکات.

عەمید کامیل بەرزنجی گوتیشی، بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، جگە لەوەی رایی کردنی کاروباری هاووڵاتیان خێراتر دەکات، ئاسانکاری دەکرێت بۆ خێراتر دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان، لە رێگەی بەیەک بەستنەوەی سیستەمی دیجیتاڵی بنکەکان بە یەکتر هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو.

گوتیشی بۆ نموونە ئەگەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر تۆمەتبارێک هەبێت، پێویست ناکات هاوکات سەردانی چەند بنکەیەکی پۆلیس بکات، بەڵکوو زانیارییەکان لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵی لەسەرجەم بنکەکان بەردەست دەبن.

ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەدیجیتاڵکردن پڕۆگرامێکی سەرەکی ستراتیژی چاکسازی پۆلیسی کوردستانە، کە پرۆژەیەکی نیشتمانی وەزارەتی ناوخۆیە بە ئامانجی بەهێزکردنی متمانەی خەڵک و هاووڵاتی و رێکخستنەوەی کارگێری پۆلیسە بۆ پێشڤەبردنی ئاستی خزمەتگوازی خەڵک.