بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک سوپاسی هەڵوێستی مەسرور بارزانی دەکات
بە راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکەی شاری کەرکووک خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بە راسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوە دڵتەزێنەکەی شاری کەرکووک.
یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ وەزیری تەندروستیی هەرێم، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، پەیامی پەرۆشی و هاوخەمیی مەسرور بارزانیی پێ گەیاند.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری تەندروستی ئامادەیی تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگرتنی بریندارانی رووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی شاری کەرکووک دەربڕیوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و پێشکەشکردنی چارەسەری پێویست.
هەروەها جەخت لە ئامادەیی هەولێر کراوەتەوە بۆ رەوانەکردنی تیمی پزیشکیی فریاگوزاری، دابینکردنی خوێن، دەرمان و، سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکانی دیکە بۆ کەرکووک.
لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، وێڕای گەیاندنی سڵاو و پێزانین، دەستخۆشیی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بەرامبەر بەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیە، و سوپاسی ئەو پەیام و ئامادەییەی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، و هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوەی خێرای بۆ سەرجەم بریندارەکان خواست.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026، لە ئاکامی رووداوێکی هاتووچۆ لە دەروازەی شاری کەرکووک، لە نێوان بارهەڵگرێک و 20 ئۆتۆمبێلی دیکە، 7 کەس گیانیان لە دەست دا و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.