ئێران لە ژێر گەمارۆدا نەوتەکەی دەفرۆشێت

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی (ئەرشیف)
کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی (ئەرشیف)

سەرەڕای هەوڵەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ رێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران، بەڵام بڕێکی زۆر لە نەوتی ئەو وڵاتە گەمارۆ دەریاییەکان تێدەپەڕێنێت و رەوانەی دەرەوە دەکرێت.

کۆمپانیای "تانکەر تراکەرز" تایبەت بە چاودێریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ئاشکرای کرد، ئێران لە بەندەرەکانیدا چوار ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بار کردووە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە دا، چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکای تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دەرەوە.

لەلایەکی ترەوە کۆمپانیاکە روونیشی کردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی ئێراندا گرتووە بە بەهای 380 ملیۆن دۆلار و دەیگوازنەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەیان. 

هەروەها، بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار نەوتی ئێرانیشیان گەڕاندووەتەوە و رێگرییان لێ کردووە گەمارۆ دەریاییەکەیان تێپەڕێنێت.

لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئامارەکانی هەردوو کۆمپانیای ڤۆرتێکسا و تانکەر تراکەرز، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران سیستەمی چاودێریکردنیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لە چاوی هێزەکانی ئەمریکا بشاردرێنەوە.