بەریتانیا بە یاسا جگەرەکێشانی قەدەخە کرد

یاسادانەرانی بەریتانیا یاسایەکی مێژوویی نوێیان پەسەند کرد کە ئامانجی بنبڕکردنی قۆناخ بە قۆناخی جگەرەکێشانە لە نێوان نەوەکانی داهاتوودا، بەپێی یاساکە، فرۆشتنی تووتن و بەرهەمەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە هەموو ئەو کەسانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی 2009 لەدایکبوون، بە تەواوی قەدەخە دەکرێت.

لە وردەکارییەکانی یاساکەدا هاتووە، لە داهاتوودا فرۆشتنی تووتن و بەرهەمەکانی نیکۆتین بە نەوەی نوێ بە نایاسایی دادەنرێت، هەروەها حکوومەت دەسەڵاتی فراوانتری پێدراوە بۆ رێکخستنەوەی تامی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان و شێوازی پاکەتەکانیان، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتێکی تەندروستی گشتگیر بۆ دروستکردنی نەوەیەکی دوور لە جگەرە و دوکەڵ.

ئەم یاسایە بەشێکە لە پلانێکی درێژخایەنی حکوومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030، وڵاتەکە بە تەواوی لە جگەرەکێشان پاکبکرێتەوە، هەرچەندە یاساکە رووبەڕووی هەندێک ناڕەزایەتی لەلایەن کۆمپانیاکانی تووتن و فرۆشیارانی وردە بووەوە، بەڵام لە ناو پەرلەماندا پشتگیرییەکی بەرفراوانی لێکرا.

لەوبارەوە 'وەیس ستریتینگ' وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم یاسایە "ساتێکی مێژووییە بۆ تەندروستی نیشتمانی"، جەختیشی کردەوە، رێگری لە جگەرەکێشان نەک تەنها دەبێتە هۆی رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیان، بەڵکو فشارە زۆرەکانی سەر دامەزراوەی تەندروستی نیشتمانی (NHS) کەم دەکاتەوە.

لای خۆشیانەوە، رێکخراوە تەندروستییەکان و کۆمەڵەکانی خێرخوازی، لەوانەش کۆمەڵەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا، پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و بە دەستکەوتێکی گرنگیان ناوبرد بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

قۆناخەکانی جێبەجێکردن و پەسەندکردنی ئەم یاسایە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لە پەرلەمان هات، حکوومەتی ئێستا پڕۆژەیاساکەی دووبارە خستە نێو کارنامەکەیەوە دوای ئەوەی حکوومەتی پێشوو پێشنیازی کردبوو بەڵام جێبەجێکردنی دواخستبوو.

یاساکە دوای تێپەڕبوونی بە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا، ئێستا تەنها چاوەڕێی واژۆی پاشا دەکات بۆ ئەوەی بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەم هەنگاوە، بەریتانیا دەچێتە قۆناخێکی نوێی تەندروستی و یەکێک لە توندترین یاساکانی دژی جگەرەکێشان لەسەر ئاستی جیهان پەیڕەو دەکات، بە مەبەستی پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لە ئاڵوودەبوون و نەخۆشییە کوشندەکان.