عێراقچی: پەیوەندییەکانی ئێران و رووسیا لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی ستراتیژیی بنیات نراوە
وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە هۆکاری شکستی دانوستانە ئاشتییەکانی ناوبرد و رایگەیاند, "داواکارییە زیادەکانی واشنتن" پڕۆسەکەی پەکخستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڤلادیمێر پوتین بەڵێنی پشتگیریی تەواوی بۆ تاران دووپاتکردەوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بە داڕمانی ترسناکی ئابووری لە ناوخۆی ئێراندا دەکەن.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی گەیشتە شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا، کە چوارەم وێستگەی گەشتە دیپلۆماسییە خێراکانی بوو دوای سەردانی وڵاتانی عومان و پاکستان. عێراقچی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "سیاسەتەکانی ئەمریکا بوونە هۆی ئەوەی گەڕی پێشووی دانوستانەکان لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی هەبوو، نەگاتە ئامانجەکانی، ئەمەش بەهۆی داواکارییە زیادە و ناعەقڵانییەکانی ئەوانەوە بوو."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ گەشتی شاندەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن "دەتوانن تەلەفۆنمان بۆ بکەن."
لە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و عەباس عێراقچی، هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی "پەیوەندییە ستراتیژییەکانی" نێوان مۆسکۆ و تاران کردەوە. میدیا فەرمییەکان بڵاویان کردەوە کە پوتن بەڵێنی بە وەزیری دەرەوەی ئێران داوە و گوتوویەتی: "رووسیا هەموو ئەو کارانە ئەنجام دەدات کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێوەدا بێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەدی بێت."
عێراقچی لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی کردەوە، جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل "هێزی ڕاستەقینەی ئێران" و سەقامگیریی سیستەمی حوکمڕانیی تارانی بە جیهان نیشانداوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و فیدراسیۆنی ڕووسیا لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن بنیات نراوە و گوتی: "من لێرەم تاوەکو دووبارە ڕایبگەیەنمەوە کە ئەم پەیوەندییانە بە هەمان هێزی جارانیان و بگرە بەهێزتر لە پێشتریش بەردەوام دەبن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی هەڵوێستەکانی مۆسکۆی کرد لە کاتی قەیرانەکاندا و ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک دۆستی وەک ڕووسیای هەیە کە لە دۆخە دژوارەکاندا لە تەنیشتمان دەمێننەوە. ئێمە سوپاسگوزاری ئەم پشتیوانی و هەڵوێستە مەردانەیەی ڕووسیان."
سەرەڕای لێدوانە گەشبینەکانی بەرپرسانی ئێران لە دەرەوە، دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی (AFP) زۆر نالەبارە. هاووڵاتییانی تاران باس لە داڕمانی تەواوەتیی کەرتی بازرگانی و کار دەکەن. "فەرشاد"، کە خاوەنکارێکی بچووکە لە تاران، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: "هەموو شتێک لە وڵاتدا پەکیکەوتووە، ماوەیەکی درێژە نە من و نە ئەو کەسانەی دەیانناسم کارمان نییە. وڵات لە داڕمانێکی ئابووریی تەواودایە و دۆخەکە زۆر ترسناک بووە."