سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر: لیرەی هەولێر باشترین بژاردەیە بۆ پاراستنی سەرمایە

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر دەڵێت: سەرەڕای گۆڕانکارییە خێراکانی نرخ لە بازاڕەکاندا، لە هەولێر %80ـی مامەڵەکارانی بازاڕی زێڕ کڕیارن و لیرەی هەولێر بەهۆی کوالێتیی بەرز و چاودێریی سێ لایەنی فەرمییەوە سەلامەتترین بژاردەیە، هاوکات هۆشداریی دایە هاووڵاتیان کە لە کڕینی ئۆنلاین دوور بکەونەوە و پەلە لە فرۆشتنی زیو بە زیان نەکەن.

دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تیشکی خستە سەر دۆخی بازاڕی زێڕ و زیو، جووڵەی کڕین و فرۆشتن، کوالێتیی لیرەی هەولێر و هۆکارە جیهانی و جیۆسیاسییەکانی پشت شڵەژانی نرخەکان و چەندین رێنمایی ئابووریی خستەڕوو.

جووڵەی بازاڕی هەولێر، کوالێتیی لیرە و دژایەتیی مامەڵەی ئۆنلاین

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر لە سەرەتای قسەکانیدا جەختی لە بەرزیی ئاستی متمانە و کوالێتیی بازاڕی زێڕی هەولێر کردەوە و رایگەیاند: سەرجەم لیرەکانی هەولێر لە ژێر چاودێریی وردی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری، سەندیکای زێڕنگەران و ئاسایشی ئابووریی هەولێردا بەرهەم دەهێنرێن.

هاوکات ئاشکرای کرد بەهۆی ئەو کوالێتییە بەرزەوە، لە بەغداوە پەیوەندیی پێوە کراوە و سەندیکای زێڕنگەرانی بەغدا شانازی بە ئەزموون و کوالێتیی زێڕی هەولێرەوە دەکات.

سەبارەت بە کاریگەریی گۆڕانکاریی نرخەکان لەسەر جووڵەی بازاڕ، وەرتی ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا خواستێکی زۆر لەسەر کڕین هەبووە، بە جۆرێک %80ـی مامەڵەکارانی بازاڕ کڕیار بوون و تەنیا %20ـیان فرۆشیار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی کرد پەلە لە بڕیاری کڕیندا نەکەن و سەرەتا چاودێریی بازاڕ بکەن، ئەگەر پێویستییان پێی هەبوو بیکڕن و ئەگەر نا، پشوودرێژ بن و چاوەڕێ بکەن.

لەبارەی فرەبوونی مامەڵە و بانگەشەی کڕین و فرۆشتنی زێڕ و زیو لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر هەڵوێستی خۆی بە تەواوی ڕاگەیاند و گوتی: ئێمە هەمیشە دژی زێڕی ئۆنلاینین و لەگەڵ مامەڵەی دەستبەدەست داین.

وەرتی پشتبەست بە بنەما شەرعییەکان و پاراستنی هاووڵاتیان لە ریبا، دووپاتی کردەوە، کە پێویستە کڕیار پارەی خۆی لە دەستدا بێت و راستەوخۆ زێڕەکە وەربگرێت و، ئەگەر پارەی نەختینەی لە دەستدا نەبوو، خۆی نەخاتە نێو ئەو مامەڵانەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پرۆسەی هاوسەرگیری و کاریگەریی هەرزانبوونی زێڕ، هەندرێن وەرتی رایگەیاند: هەرچەندە داتایەکی ورد و فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام جووڵەی هاوسەرگیری و مارەبڕین بەردەوامیی هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە لای ئەوان بڕی کڕینی زێڕ بۆ هاوسەرگیری لە 3 مسقاڵەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 30 مسقاڵ (کە زیاتر بۆ خێزانە سەرمایەدارەکانە)، بەڵام ئاستی مامناوەند و باو 15 مسقاڵە و زۆرێک لە هاووڵاتیانیش بە 3، 5 یان 8 مسقاڵ پرۆسەکە ئەنجام دەدەن. وەرتی بە دەستخۆشییەوە باسی لەوەش کرد کە پێشنیازەکەی پێشووتری بۆ رازیبوونی کچان و کوڕان بە 3 مسقاڵ زێڕ، بووەتە کولتوورێکی ئەرێنی و ئاسانکاریی بۆ گەنجان کردووە.

شیکردنەوەی هۆکارە جیهانییەکان، دۆخی زیو و ستراتیژیی وەبەرهێنان

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا و وەک تەواوکەری رووماڵی دۆخی بازاڕ، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر شیکردنەوەی بۆ هۆکارە قووڵەکانی پشت داڕمان و هەڵبەزودابەزی نرخی زێڕ و زیو کرد و گوتی: لە دۆخی ئێستا کڕینی زێڕ بە مەبەستی قازانج بە هیچ شێوەیەک %100 گونجاو نییە، بەڵکو تەنیا بە رێژەی%60 بۆ%70 گونجاوە و دۆخەکە زۆر 'شاز و نادیارە'، بۆیە کڕین و فرۆشتن دەکەوێتە سەر بڕیاری تایبەتی هاووڵاتیان خۆیان.

لە بارەی هۆکارە جیهانییەکانەوە، هەندرێن وەرتی روونی کردەوە کە زێڕ و زیو لەم ماوەیەدا لەبەردەم داڕووخانێکی گەورەدا بوون و ئەگەر هەیە نرخی زێڕ لە دەوروبەری سێ هەزار و 300 بۆ سێ هەزار و 400 دۆلار یاری بکات.

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر سێ هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەم شڵەژانە دەستنیشان کرد:

سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا: بوونی ئەگەری %80 بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی (بە بڕی 25 بۆ 50 خاڵ) و توندکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی لە لایەن کیڤن وارشـەوە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی بەرزیی هەڵاوسانەوە لەگەڵ دابەزاندنی سوودی بانکیدایە؛ هەرچەندە وەرتی پێی وایە ئەم توندکردنەوەیە کورتخایەن دەبێت و ساڵی داهاتوو ناچار دەبن سوودی بانکی رابگرن یان دایبەزێنن.

گرژییە جیۆسیاسییەکان و جووڵەی نەختینە: مەترسییەکانی پەیوەست بە دۆخی جیۆسیاسی لە گەرووی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری، بووەتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەران روو لە بازاڕی پشکەکان، نەوت و بازرگانیی دیکەوە بکەن و بۆ دابینکردنی نەختینە (سیوولە)، ناچار ببن زێڕ و زیوەکانیان بفرۆشن.

دابەزینی هاوتەریبی بازاڕەکان: دابەزینی هاوکاتی پشکەکانی ئەمریکا، نرخی نەوت و بەنزین و دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ و بیتکۆین)، کە زێڕیشیان لەگەڵ خۆیان دابەزاند و شیکەرەوانی جیهانییان تووشی شۆک کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، لە رووی فیزیکییەوە ئێستا هەم کڕیار و هەم فرۆشیارێکی زۆر لە بازاڕدا هەن، ئەمەش ئاڕاستەی داهاتووی نرخەکانی نادیارتر کردووە.

سەبارەت بە دۆخی زیو و زیانی هاووڵاتیان، وەرتی ئاشکرای کرد، خەڵکێکی زۆر زیویان بە 25 بۆ 30 وەرەقە لەسەر ماوەتەوە. هاوکات رەتی کردەوە داوا لە خەڵک بکات بە یەکجاری لە زیو دوور بکەونەوە، بەڵام هۆشدارییەکی توندی دا کە ئێستا زیو لە 14 وەرەقە دایە و ئەگەر هەیە ببێتە 13 وەرەقەش، بۆیە فرۆشتنی زیو بە زیان لەم کاتەدا 'سەرکێشی و مەترسییەکی گەورەیە'. 

وەرتی داوای لە هاووڵاتیان کرد 'بەڕێوەبردنی مەترسی' پەیڕەو بکەن و ئەوانەی پێویستییان بە پارەی خێرا نییە، سەبر و ئارامیی درێژمەودایان هەبێت تا نرخەکان هاوسەنگ دەبنەوە، وەک چۆن خەڵک لە وەبەرهێنانی زەوی و خانووبەرەدا چەند ساڵێک چاوەڕێ دەکات.

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر دوو رێنمایی زێڕینی بۆ ئەو کەسانە خستەڕوو کە دەیانەوێت پارەکانیان بپارێزن یان وەبەرهێنان بکەن:

دابەشکردنی سەرمایە: نابێت هەموو پارە بخرێتە یەک سەبەتەوە؛ باشترین رێژە ئەوەیە تەنیا %25 بۆ %30ـی سەرمایە تەرخان بکرێت بۆ کڕینی زێڕ و بەشەکەی دیکەی بە دۆلار بهێڵرێتەوە.

باشترین جۆری زێڕ: جەختی کردەوە کە سەبیکە و بە تایبەتی لیرەی هەولێر باشترین و بەهێزترین بژاردەن (بەهێزتر لە لیرەی ئیماراتی و تورکی)، هەروەها تێچووی حەقدەستی زۆر کەمە (تەنیا 7 هەزار دینار حەقدەستی وەستا و 2 بۆ 3هەزار دینار قازانجی زێڕنگەر بۆ هەر لیرەیەک)، ئەمەش وا دەکات هاووڵاتی لە کاتی فرۆشتنەوەدا کەمترین زیان بکات و سەرمایەکەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.