رێگری لە دەستەی مافی مرۆڤ کرا لاهوور شێخ جەنگی ببینێت

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئاسایشی سلێمانی رێگرە لە بەردەم چوونی لیژنەکانی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی لاهورشێخ جەنگی و پۆڵادی برای ببینن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: زیاتر لە جارێکە لیژنەیەکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەیەوێت سەردانی بەندینخانەکانی ئاسایشی سلێمانی بکات، بەڵام رێگری لە چوونی لیژنەکە دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، هەفتەی رابردوو بڕیاربوو سەردانی لاهوورشێخ جەنگی و پۆڵادی برای بکەن، بەڵام رەتکرایەوە بۆ ئەمڕۆکە، بەهەمانشێوە ئەمڕۆ جارێکی دیکە رێگری لە چوونی لیژنەکە کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە، حەوت مانگە رێگری لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکرێت سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای بکرێت.

هەروەها دوێنێ یەکشەممە، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندبوو "دادوەر لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دەست بە وردبینیکردنی دۆسیەکە دەکات، ئەگەر دۆسیەکە کەموکوڕییەکی ئاسایی تێدا بێت، دادگا خۆی چاکی دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕییەکان جەوهەری و بنەڕەتی بن، ئەوا دۆسیەکە جارێکی دیکە رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەکرێتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەماهەنگی و نووسراو لە نێوان دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دادگاکانی تاوان لە ئارادایە، ئەگەر دەرکەوت دۆسیەکە هیچ جۆرە کەموکوڕییەکی یاسایی تێدا نییە، ئەوا رێکارەکان بەو ئاراستەیە دەبن کە دۆسیەکە بە مەبەستی بڕیاری کۆتایی رەوانەی دادگای تەمیز بکرێت.