حاخامەکانی بەریتانیا: سیاسەتی ئیسرائیل مەترسییە بۆ سەر نەتەوە و ئاینی جووەکان

حاخامە باڵاکانی بەریتانیا هۆشداری دەدەن لەوەی سیاسەتی ئێستای ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ئاینی جووەکان، جەخت دەکەنەوە، رەخنەگرتن لە حکوومەتی ئیسرائیل نەک تەنیا خیانەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینی و دەربڕینی پابەندییە بە بەها ڕەسەنەکانی جووەکانەوە.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردەوە، حاخام "چارلی باگینسکی" و حاخام "جۆش لیڤی"، رێبەرانی بزووتنەوەی جووە پێشکەوتنخوازەکان، کە نوێنەرایەتی نزیکەی سێیەکی کەنیشتەکانی بەریتانیا دەکەن رایانگەیاند، ئاراستەی سیاسیی ئێستای ئیسرائیل مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت لەگەڵ بەهاکانی جووەکان دژیەک بێت"، دەڵێن ئەم رێڕەوە نەک تەنیا بۆ دەوڵەتەکە، بەڵکو بۆ خودی ئاینەکەش مەترسیدارە.

ئەم لێدوانانە لە کاتی ناساندنی نوێترین کتێبی بزووتنەوەکەدا هات بە ناونیشانی (جووی پێشکەوتنخواز، زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل)، باگینسکی لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە چەندین جار گوتوومانە ئاراستەی سیاسەتی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی بوونگەرایییە، نەک تەنیا بۆ سەر جووەکان وەک نەتەوە، بەڵکو بۆ سەر خودی ئایینی جووەکان، کاتێک حکوومەت بەرەو ئاراستەیەک هەنگاو دەنێت کە لەگەڵ بەهاکانی ئێمەدا ناگونجێت، ئەمە دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورە."

کتێبەکە لەلایەن چل کەسایەتی ئایینی و سەرکردەی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە و تیشک دەخاتە سەر بابەتە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە ناسنامەی جووەکان، زایۆنیزم و ئیسرائیل، جۆش لیڤی ئاماژەی بەوە کرد، ورووژاندنی ئەم پرسیارانە نیشانەی ناپاکی نییە، بەڵکو بەشێکە لە "گفتوگۆیەکی هەزاران ساڵە دەربارەی بەهاکانی جووەکان و ئەوەی خودا لەم جیهانەدا لە ئێمەی دەوێت."

لیڤی گوتیشی: "هەر کارێک حکوومەتی ئیسرائیل دەیکات، رەنگدانەوەی لەسەر ئێمە و ئاینەکەمان دەبێت، بۆیە ئەرکی ئایینیمانە کە هەڵوێستمان هەبێت."

لەلایەکی دیکەوە، حاخام "لیا مولشتاین"، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی "ئارتسینۆ"، رەخنەی لە هەندێک یاسادانانی نوێ گرت و رایگەیاند، ئەو یاسایانە پێشێلکاریی بڕیارە پێشووەکانی دامەزراوە جووەکانیانن.