نیویۆرک تایمز: ترەمپ دەیەوێت جەنگ دەست پێبکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا بە پێشنیازە نوێیەکەی ئێران رازی نییە و بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە، ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکات، تا ئاستی هەڵگیرسانی جەنگ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتیی بەرانبەر پێشنیازێکی نوێی ئێران نیشان داوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دوای گەیاندنی پێشنیازەکە لە رێگەی پاکستانەوە بۆ واشنتن، بەهۆی نەبوونی هیچ خاڵێک لەبارەی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لای تاران، ترەمپ فەرمانی بە ئیدارەکەی کردووە ئامادەی هەموو سیناریۆیەک بن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەلای سەرۆکی ئەمریکاوە دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران ئەگەرێکی بەهێزە.

 هەروەها روونیان کردەوە، پێشنیازە نوێیەکەی ئێران باسی لە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆکان کردووە، بەڵام پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی پشتگوێ خستووە. ئەم پرسەش خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، بۆیە واشنتن پێشنیازەکەی رەت کردووەتەوە و داوای ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەرفراوانی ئیدارەکەی کرد لەبارەی جەنگی ئێران. لە کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازێکی نوێی تاران خرایە روو کە لە لایەن نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە نێردرابوو. 

بڕیار وابوو هەفتەی رابردوو، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت، بەڵام تاران ئامادە نەبوو لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کۆببێتەوە؛ ترەمپیش سەردانی شاندی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە.