بلومبێرگ: ژمارەیەکی زۆر کەشتی نەوتهەڵگری ئێران لە بەندەری چابەهار گیریان خواردووە
ئاژانسی "بلومبێرگ" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک کەشتی نەوتهەڵگری ئێران لە نزیک بەندەری "چابەهار" لە دەرەوەی کەنداو کۆبوونەتەوە و گیریان خواردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران سەرەڕای سزاکان بەردەوامە لە بارکردنی نەوت، بەڵام گەمارۆکانی ئەمریکا رێگرن لەوەی ئەو بارانە بگەنە دەستی کڕیاران.
بەپێی وێنە سەتەلایتییەکان، نزیکەی هەشت کەشتی زەبەلاح و چەند کەشتییەکی بچووکتر لە نزیک بەندەرەکە بینراون، بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دۆخە نیشانەی کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکایە لە پەکخستنی گەیاندنی نەوت بە بەکارهێنەران، کە وایکردووە نەوتەکە لە ناو کەشتییەکاندا بمێنێتەوە.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە ئێران بەهۆی پڕبوونی کۆگا نەوتییەکان و نەبوونی شوێنی پێویست بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە نوێیەکان، رەنگە ناچار بێت بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوتەکەی کەم بکاتەوە یان بە تەواوی رایبگرێت، لە ئێستا نزیکەی 155 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران یان لە پڕۆسەی گواستنەوەدان یان لەسەر ئاوەکان لەناو کەشتییەکان کۆگاکراون، لەکاتێکدا روون نییە ئێران چەند کەشتی بەتاڵی دیکەی لەبەردەستدایە بۆ بارکردنی بەرهەمی نوێی نەوت.
لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەری وڵات و چەندین بەرپرسی باڵایان کوشت، دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆردومان کرد و دواتر گەرووی هورمزی بەرووی کەشتیی بازرگانی داخست، ململانێکە 39 رۆژی خایاند، هەزاران کەس کوژران و برینداربوون، دواتر ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران و رێگری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی تاران کرد کە بەهۆیەوە ناتوانن نەوت هەناردەی بازاڕەکان بکەن.