ئێران: رێگە نادەین گەرووی هورمز بۆ مەبەستی دوژمنکاری بەکاربهێنرێت
ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند؛ گەرووی هورمز ناکرێت بۆ مەبەستی دوژمنکارانە بەکاربهێنرێت. ئیروانی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەمیشە پابەندی ئازادیی گەشتی دەریایی و ئاسایشی دەریایی بووە لە کەنداو، گەرووی هورمز و دەریای عومان.
هەروەها گوتی ئێران ئەندام نییە لە رێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی 1982 و تەنیا لە سنووری یاسا عورفییە نێودەوڵەتییەکاندا پابەندی دەبێت. ئیروانی باسی لەوەش کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکی بەرفراوانیان دژی ئێران دەستپێکردووە، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ سەپاندنی باج بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت و داوای کردنەوەی بەپەلەی گەرووەکەی کرد.
هاوکات کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگاداری پێشنیازەکانی ئێران بووە سەبارەت بە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز. کارۆڵاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند؛ ترەمپ پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێ کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هیچ زانیارییەکیان لەبەردەست نییە سەبارەت بە پرۆسەی پاککردنەوەی مین لە گەرووەکەدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی "تایمز" بڵاوی کردووەتەوە، جموجۆڵی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هێشتا پەکیان کەوتووە و زیاتر لە 600 کەشتی بازرگانی گەورە لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە، ئەمەش لە ژێر سایەی ئەو رێکارە توندانەی ئێران بەسەر ئەو کەشتیانەدا سەپاندوویەتی کە رێگەی تێپەڕبوونیان پێ دەدرێت.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.