بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر: ناوەندێکی زانستی بۆ کۆکردنەوەی داتاکانی ئاو و خاک دامەزراوە
بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24 رایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژی و زانستی بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا داڕشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، ئەندازیار ڕێبوار حەسەن بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکە لەژێر ناوی "پلانی ناوخۆیی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان" (Local Climate Change Adaptation Plan for Kurdistan Region) جێبەجێ دەکرێت. ئەم پلانە سێکتەرە گرنگەکانی وەک ئاو، کشتوکاڵ و ژینگە لەخۆ دەگرێت و بە هەماهەنگی و لەژێر رێنماییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کراوە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر تیشکی خستە سەر گرنگی "ناوەندی زانستی سەرچاوەکانی ئاو و خاک" و رایگەیاند: "ئەم ناوەندە یەکێکە لە گرنگترین بنکە زانستییەکان کە ئەرکی کۆکردنەوەی سەرجەم داتا و زانیارییە وردەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی ئاو و خاکی هەرێمی کوردستانی لەسەر شانە."
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە ناوچەکە بە گشتیی رووبەڕووی مەترسییەکانی کەمئاوی و گۆڕانی خێرای کەشوهەوا بوویەوە، و بوونی ناوەندێکی داتای لەو شێوەیە دەبێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردانی زانستی لە پڕۆژەکانی ئاودێری و پاراستنی سامانی سروشتیدا.
دوێنێ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، "ناوەندی سەرچاوەکانی ئاو و خاک"ی لە نێو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کردەوە، ئەم ناوەندە وەک دەزگایەکی زانستی و داتایی نوێ کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی توێژینەوە ئەکادیمییەکان و پێشکەشکردنی راوێژی پسپۆڕانە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.