ئیندۆنیزیا.. بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر 14 کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری سەرنشین لە نزیک جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا، لانی کەم 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 84ی دیکەش بریندار بوون، تیمەکانی فریاگوزاریش خەریکی دەرهێنانی تەرمەکانن لەناو داروپەردووی شەمەندەفەرەکان.
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی حکوومیی ئیندۆنیزیا (KAI) رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر کە شەوی دووشەممە لە نزیک جاکارتا روویدا، بۆ 14 کوژراو بەرزبووەوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە 84 کەسی دیکە بریندارن و لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن.
رووداوەکە لە نزیک وێستگەی (بێکاسی تیمور) روویداوە کە نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە جاکارتای پایتەختەوە دوورە. ئاسیب ئیدی سوهێری، بەڕێوەبەری پۆلیسی جاکارتا ئاشکرای کرد، شەمەندەفەرێکی گەشتیاریی مەودا دوور، خۆی کێشاوە بە دوا عەرەبانەی شەمەندەفەرێکی ناوخۆیی کە تایبەت بووە بە ژنان.
تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریی رایانگەیاندووە کە رووداوەکە "زیانی گەورەی"ی گەیاندووە و ئامێری تایبەت بۆ بڕینەوەی ئاسن بەکار دەهێنن بۆ دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەناو شەمەندەفەرەکەدا گیریان خواردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەموو قوربانییەکان سەرنشینی شەمەندەفەرە ناوخۆییەکە بوون، لە کاتێکدا 240 سەرنشینەکەی شەمەندەفەرە مەودا دوورەکە بە سەلامەتی رزگار کراون.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، فرانویتو ویبۆبۆ، گوتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسن رایگەیاند، پێدەچێت ئۆتۆمبێلێکی تەکسی لەسەر هێڵەکە خۆی بە شەمەندەفەرە ناوخۆییەکەدا کێشابێت و بووبێتە هۆی وەستانی لەسەر رێڕەوەکە، پاشان شەمەندەفەرە گەشتیارییەکە لێی داوە.
رووداوەکانی گواستنەوە لە ئیندۆنیزیا کارەساتی دووبارەن، چونکە زۆربەی پاس و شەمەندەفەر و تەنانەت فڕۆکەکانیش کۆنن و سیستمی چاککردنەوەیان لاوازە. دوایین رووداوی گەورەی شەمەندەفەر لەو وڵاتە لە کانوونی دووەمی 2024 بوو کە تێیدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ساڵی 2015شدا، لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە جاکارتا، 16 کەس گیانیان لەدەستدا.