دوای 26ساڵ، سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان کۆنگرەی دووەم دەبەستێت
جێگری نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 26 ساڵ بەسەر یەکەم کۆنگرەدا کە لە ساڵی 2000 ئەنجامدرا، سەندیکاکەیان ئامادەکارییە کۆتاییەکانی تەواو کردووە بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەم. ئەم هەنگاوە دوای چەندین ساڵ لە هەوڵدان بۆ یەکخستنی "سەندیکای ئەندازیاران و یەکێتی ئەندازیاران" دێت تاوەکو هەموو ئەندازیارانی هەرێم لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، سەڵاحەددین فەخرەددین زەندی، جێگری نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، گوتی: "زیاتر لە 11 هەزار ئەندازیار لە سەرانسەری هەرێم کە ناسنامەکانیان نوێ کردووەتەوە، مافی دەنگدانیان دەبێت. تەنیا لە شاری هەولێر، کە زۆرترین رێژەی ئەندامانی تێدایە نزیکەی سەدا 80، زیاتر لە 8 هەزار ئەندازیار دەنگ دەدەن و پڕۆسەکە لە 30ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت. هەروەها زیاتر لە 200 کاندید لەسەر ئاستی جیاواز کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکان دەکەن.
جێگری نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کۆنگرەی ئەمساڵ جیاواز دەبێت، چونکە لەسەر بنەمای پسپۆڕی نوێنەرەکان هەڵدەبژێردرێن. ئەندازیاران لە بەشەکانی (شارستانی، تەلارسازی، کارەبا، میکانیک، نەوت و کیمیا، کۆمپیوتەر) نوێنەری تایبەت بە خۆیان دەبێت، ئەمەش دەرفەت دەداتە نەوەی نوێ و ئەندازیاران بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر لە ناوەندەکانی بڕیاردا ئامادەییان هەبێت.
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە نوێکردنەوەی پێکهاتەی سەندیکا و گونجاندنیەتی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان. سەبارەت بە خزمەتکردنی ئەندازیاران، بەتایبەت ئەندازیارانی نوێ، ستافی نوێی سەندیکا کاردەکات بۆ:
ڕەخساندنی هەلی کار: لە رێگەی کاراکردنەوەی زیاتری رۆڵی سەندیکا لە کەرتی گشتیی و تایبەت.
پەرەپێدانی پیشەیی: بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ئەندازیاران بۆ ئەوەی هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو بن.
داکۆکیکردن لە مافەکان: نوێنەرایەتیکردنی راستەقینەی ئەندازیاران وەک نوخبەی کاریگەری کۆمەڵگە.
پڕۆسەکە لە دهۆک و زاخۆ دەستیپێکردووە و بڕیارە 30ـی نیسان لە هەولێر دەکرێت و لەدوای هەفتەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستەی لق و هۆبەکان و نوێنەرانی خۆیان دیاری دەکەن. لە قۆناخی کۆتاییدا، کۆنگرە هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی نەقیب، 8 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و لیژنەی بەرزەفتکردن و هەڵبژاردنی سەرۆك بەش و ئەندازیارەكان، تاوەکو ستافێکی نوێ و چالاک بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرکردایەتی کەرتی ئەندازیاری لە کوردستان بکەن.