دادگاییکردنی ئیمامئۆغڵو و 11 کەسی دیکە لەسەر کۆنگرەی جەهەپە دواخرا

دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس، لە نێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی ناڕێکی و پێشێلکاری" لە کاتی 38ـەمین کۆنگرەی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بۆ 18ـی تشرینی دووەم دواخرا.

چوارشەممە، لە 26ـەمین دادگای تاوانە سەرەتاییەکانی ئەنقەرە، دانیشتنێکی دیکەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی 38ـەمین کۆنگرەی گشتیی جەهەپە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا هەردوو تۆمەتبار، باکی ئایدۆنەر و ئەرکان ئایدن، لەگەڵ پارێزەرانی دۆسیەکە ئامادە بوون.

بەپێی زانیارییەکانی دادگا، هۆکاری کردنەوەی ئەم دۆسیەیە و لێپرسینەوە یاساییەکان، بۆ بوونی کەموکوڕی و ناڕێکی لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی 38ـەمین کۆنگرەی گشتیی حزبەکە دەگەڕێتەوە.

 لە 4 و 5ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئایاری 2023 بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان شکا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەریهەڵدا.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو (سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ) و ئۆزگور ئۆزێل سەرکردایەتیی باڵێکیان کرد بە ناوی "گۆڕانخوازان". لە کۆنگرەی 38ـەمدا کە ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دیوانی کۆنگرەکە بوو، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا ئۆزگور ئۆزێل توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دوای 13 ساڵ کۆتایی بە سەرۆکایەتیی کڵچدارئۆغڵو لە پارتەکە بهێنێت.