ترەمپ: راوێژکاری ئەڵمانیا لە مەترسییەکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە تێناگات
سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر راوێژکاری ئەڵمانیا و تۆمەتباری کرد بەوەی لە مەترسییەکانی چەکداریی ئەتۆمیی ئێران تێناگات؛ هۆشداری دا ڕێگەدان بە تاران بۆ بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، تەواوی جیهان دەخاتە دۆخێکی مەترسیدار.
سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس " رەخنەی توندی لە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و نووسیویەتی: "راوێژکاری ئەڵمانیا وا بیر دەکاتەوە کە ئاساییە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەو بە هیچ شێوەیەک نازانێت باسی چی دەکات!"
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی لێکەوتەکانی دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوەکی هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەموو جیهان دەبێتە بارمتەی دەستی ئەوان." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ئێستا سیاسەتێکی جیاواز و کاریگەر بەرانبەر بە ئێران پەیڕەو دەکات و گوتی: "من ئێستا کارێک بەرانبەر بە ئێران دەکەم کە دەبوو نەتەوەکانی تر یان سەرۆکەکانی پێشوو مێژوویەکی زۆر لەمەوپێش ئەنجامیان بدایە."
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتیی مێرتس و دۆخی وڵاتەکەی گرێدا و بە شێوەیەکی تانەئامێز نووسیویەتی: "هیچ جێگەی سەرسامی نییە کە ئەڵمانیا ئێستا لە رووی ئابووری و کەرتەکانی تریشەوە لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە."
دوێنێ دووشەممە، راوێژکاری ئەڵمانیا، رەخنەی توندی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند کە واشنتن بەبێ "ستراتیژێکی روون" دەچێتە ناو ململانێکانەوە.
ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی سەرەکی لەم جۆرە ململانێیانەدا ئەوەیە کە تەنیا بیر لە چوونە ناوەوە دەکرێتەوە، نەک چۆنیەتی چوونە دەرەوە. ئەو گوتی: "ئێمە ئەمەمان بە شێوازێکی زۆر بە ئازار لە ئەفغانستان بۆ ماوەی 20 ساڵ بینی، هەروەها لە عێراقیش هەمان شت روویدا.
راوێژکاری ئەڵمانیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هیچ "دەرچەیەکی ستراتیژی" نابینێت کە ئەمریکییەکان هەڵیبژێرن، بەتایبەت کە ئێرانییەکان بە زیرەکانە یاری دەکەن؛ یان زۆر بە زیرەکی دانوستان دەکەن، یان بە هەمان زیرەکییەوە خۆیان لە دانوستان دەدزنەوە.
مێرتس نیگەرانی خۆی نیشان دا بەرانبەر بە دۆخی ناوخۆی ئێران و رایگەیاند: "تەواوی نەتەوەیەک لەوێ لەلایەن سەرکردایەتی ئێران و لە سەروو هەمووشیانەوە لەلایەن ئەوانەی پێیان دەوترێت سوپای پاسداران، سووکایەتییان پێ دەکرێت."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ نیشانەی قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و بەرلینە، بەتایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی ئەتۆمیی ئێران و ئەو جەنگەی کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.