ترەمپ پێشنیازێکی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رەت دەکاتەوە

ئەمریکا بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی سەرکردەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

ئەرشیف
ئەرشیف

سەرچاوە میدیایی و سیاسییەکانی ئەمریکا پەردە لەسەر پەرەسەندنی نوێی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لادەبەن. سەرچاوەیەکی ئەمریکی رایگەیاند؛ بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی سەرکردە ئێرانییەکان لەسەر مێزەکەیە، هاوکات کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە، ئامادە نییە هیچ  رێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران واژۆ بکات.

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە بژاردە سەربازییە گەورەکان وەک هێرشی زەمینی ئێستا ئەگەرێکی دوورن بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو، بەڵام بژاردەی دیکە بۆ کرانە ئامانجی سەرکردەکان هێشتا بەردەستن. لای خۆشییەوە، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ راشکاو بووە لەوەی "هەرگیز رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و هیچ رێککەوتنێکیش قبوڵ ناکات ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە پێشینە دانەنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی "نیویۆرک تایمز و پێگەی ئەکسیۆس"، ئێران پێشنیازێکی نوێی خستووەتەروو، تێیدا ئامادەیی نیشانداوە گەرووی هورمز بکاتەوە و کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، لە بەرامبەر دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەم پێشنیازە دەربڕیوە و رەتیکردووەتەوە.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئێرانییەکان لە دۆخێکی داڕماندان و دەیانەوێت کێشەی سەرکردایەتییەکەیان چارەسەر بکەن." ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران داوای کردنەوەی گەرووی هورمزی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، بەردەوام دەبن لە پیادەکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار" (Maximum Pressure) بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران و رێگریکردن لەو چالاکییانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و سەقامگیری ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی "CNN" بڵاویکردەوە، پاکستان چاوەڕوان دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازێکی هەموارکراو لە ئێرانەوە پێ بگات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دوای ئەوەی ترەمپ وەشانی پێشووی پێشنیازەکەی رەتکردەوە. ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەو وەرچەرخانە دەکۆڵنەوە کە چۆن ئێران وەڵامی راگەیاندنی "سەرکەوتنی تاکلایەنە"ی ترەمپ دەداتەوە.