هێرشێکی چەکداری کرایە سەر پۆلیسی ئێران

مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئێران (ئەرشیف)
مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئێران (ئەرشیف)

هێرشێکی چەکداری کرایە سەر مەفرەزەیەکی پۆلیس لە ئێران و بە هۆیەوە پۆلیسێک کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ئێران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کردووە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکەدا.

پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکەدا محەممەدرەزا نیزامدووست، کارمەندی پۆلیس کوژراوە و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

هێزە ئەمنییەکان روونیشیان کردەوە، گەڕان و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستی پێکردووە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر دەخەنە روو.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگاکەیە. ئەم ناوچەیە بەردەوام رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی دەبێتەوە و زۆرجار هێزە ئەمنییەکان دەبنە ئامانجی هێرشی چەکداری لەلایەن گرووپە چەکدارەکان.