توێژینەوەیەکی نوێ: بەکارهێنانی Chatgpt چالاکییەکانی مێشک و یادگە لاواز دەکات
توێژەرانی پەیمانگای تەکنۆلۆجیای ماساچوسیتس لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایان کرد، پشت بەستن بە ژیریی دەستکردی وەک "چات جی پی تی - ChatGPT" لەکاتی نووسیندا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی و پەیوەندییە دەمارییەکانی مێشک لە مرۆڤدا.
لە توێژینەوەکەدا کە لەسەر دەیان کەس ئەنجامدراوە، لە رێگەی ئامێری هێڵکاری کارەبایی مێشکەوە پێوانەی چالاکییە هۆشەکییەکانی بەشداربووان کراوە، داوا لە بەشداربووان کراوە وتارێک بنووسن لەژێر سێ بارودۆخی جیاوازدا، بە بەکارهێنانی ChatGPT، تەنها بەکارهێنانی بزوێنەرەکانی گەڕان وەک گووگڵ، یان نووسین بەبێ هیچ ئامرازێکی یارمەتیدەر.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو گرووپەی کە بەبێ هیچ یارمەتییەک و پشت بەستن بە خۆیان بابەتەکەیان نووسیوە، بەرزترین ئاستی چالاکی مێشکیان هەبووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی پەیوەندییان بە زمان، یادگە و بڕیاردانەوە هەیە، لە بەرامبەردا، بەکارهێنەرانی ChatGPT کەمترین ئاستی پەیوەندیی دەمارییان لە مێشکدا تۆمارکردووە و دواتر کەمتر توانیویانە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەیان بیربکەوێتەوە کە نووسیویانە، ئەوانەشی تەنیا بزوێنەری گەڕانیان بەکارهێناوە لە ئاستێکی مامناوەنددا بوون.
سەرەڕای ئەم ئەنجامانە، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە گەورەکردنی مەترسییەکان، چونکە ژمارەی بەشداربووانی توێژینەوەکە سنووردار بووە، شارەزایان پێیان وایە مەرج نییە ژیریی دەستکرد ببێتە هۆی دابەزینی هەمیشەیی توانای مێشک، بەڵکو دەکرێت بۆ خێراکردنی کارەکان و تەرخانکردنی کات بۆ بیرکردنەوەی قووڵتر سوودی لێ ببینرێت، بۆیە گرنگترین ئاڵەنگاری لە ئێستا دۆزینەوەی هاوسەنگییەکە لە نێوان سوودوەرگرتن لەم تەکنۆلۆجیایانە و پاراستنی توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی مرۆڤ.