بەرپرسێکی پارتی: بایکۆتەکە بۆ پۆست نییە و مەرجمان بۆ گەڕانەوە هەیە
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، بایکۆتەکەیان پەیوەندی بە پۆستەوە نییە و چەند مەرجێکیان هەیە تا بگەڕێنەوە بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 کــە لە لایەن کۆڤان عیززەتەوە پێشکەش دەکرێت؛ وردەکارییەکانی پەیوەست بە هەڵوێستی حیزبەکەی، بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵێ خستەڕوو.
هۆکاری بایکۆتکردن؛ پەیامێکی دیموکراسییانە نەک کشانەوە
رۆژی 11ـی نیسانی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و راوێژکردن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو، پارتی بڕیاری داوە هەردوو فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ئەشواق جاف روونی کردەوە، ئەوەی پارتی کردوویەتی "موقاتەعە" (بایکۆت)ـە و بە واتای کشانەوە نایەت. گوتیشی: "ئەمە مومارەسەیەکی دیموکراسییە و دەربڕینی هەڵوێستە بەرانبەر بەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی دەکرێن، هەروەها بەرانبەر بە پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان."
جاف جەختی کردەوە، بایکۆتەکەیان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە و رەتکردنەوەی پشتگوێخستنی بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)ـە، کە سێ بنەمای سەرەکیی پرۆسەی سیاسیی عێراقن لە دوای ساڵی 2003ـەوە.
مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ بەغدا
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ پەرلەمان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی باسی لەوە کرد، پارتی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ئامادەکردنی راپۆرتێک.
گوتیشی: "لەم ورەقەیەدا (راپۆرتەدا) تەواوی ئەو پێشێلکارییانە دەنووسرێن کە کراون. دواتر لەگەڵ سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەست بە گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەم خاڵانە. پرسی گەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان بەندە بە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە و گەرەنتینەکردنی پاراستنی مافی دەستووریی پێکهاتەکان و راستکردنەوەی پرۆسە سیاسییەکە."
ئەشواق جاف روونیشی کردەوە، لیژنەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان داوای گەڕانەوەی پارتیان کردووە؛ بەڵام پێیان باشتر بوو سەرکردە سیاسییەکان خۆیان بێنە لای سەرکردایەتیی پارتی.
رەتکردنەوەی دەستتێوەردان لە دیاریکردنی کاندیدی کورد
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە گوایە پارتی لەسەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بایکۆتی کردووە. لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە کێشەمان لەسەر ئەوە نییە کێ دەبێتە سەرۆککۆمار و لە چ حیزبێکە، بەڵکو ناڕەزایەتی ئێمە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە بوو. ماڵی شیعە خۆیان کاندیدی سەرۆک وەزیرانیان دیاری کرد، ماڵی سوننەش خۆیان کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانیان دیاری کرد، دەبووایە ئەو مافەش بدرێت بە کورد کە خۆی کاندیدی خۆی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکات، نەک لایەنی دیکە دەستتێوەردان بکەن."
پشکی کورد لە کابینەی نوێ و خواستی پارتی بۆ وەزارەتی دەرەوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جاف تیشکی خستە سەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و رایگەیاند، پشکی پێکهاتەکان بەپێی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان دیاری دەکرێت. بەپێی ئەم پێوەرە، کورد 4 وەزارەتی بەردەکەوێت، کە یەکێکیان دەبێت وەزارەتێکی "سیادی" (سەروەری) بێت.
سەبارەت بە خواستی پارتی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوە، پەرلەمانتارەکە رایگەیاند: "پارتی داوای وەزارەتی دەرەوەی کردووە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەزیرەکانی پارتی لە رابردوودا رۆڵێکی زۆر باشیان هەبووە لەم وەزارەتەدا. ئەوان توانیویانە عێراق لە قۆناغی دابڕانەوە بگەڕێننەوە بۆ قۆناغی کرانەوەی دیپلۆماسی و دەستپێشخەری. ئەم رۆڵە ئەرێنییەی کورد و پارتی، لەلایەن خودی هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراقیشەوە شایەدی بۆ دراوە و ستایش کراوە."
لە کۆتاییدا، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردەوە، کێشەی ئەوان گەورەترە لە ململانێی پۆستێک، بەڵکو کێشەی ئەوان پاراستنی شەرعییەتی پرۆسەی سیاسی و رێگریکردنە لە کاڵبوونەوەی ئەو بنەمایانەی کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، بەتایبەتی بنەمای شەراکەتی راستەقینەی نێوان کورد، سوننە و شیعە.