کارمەندانی گووگڵ داوا دەکەن کۆمپانیاکەیان رێککەوتن لەگەڵ پێنتاگۆن رەتبکاتەوە
زیاتر لە 600 کارمەندی کۆمپانیای گووگڵ داوا لە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیان دەکەن، رێککەوتنێکی پێشنیازکراوی وەزارەتیی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رەتبکاتەوە، کە رێگە دەدات تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نهێنییەکاندا بەکاربهێنرێت.
نامەیەکی واژۆکراو لەلایەن کارمەندانی بەشەکانی "Google DeepMind" و "Google Cloud" ئاراستەی سوندار پیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گووگڵ کراوە، لە کاتێکدایە کۆمپانیاکە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پێنتاگۆن بۆ بەکارهێنانی مۆدێلی "Gemini" کە پێشکەوتووترین سیستمی ژیریی دەستکردی کۆمپانیاکەیە، لە کارە سەربازییە نهێنییەکاندا.
لەنێو واژۆکەرانی نامەکەدا، ناوی زیاتر لە 20 بەڕێوەبەر و جێگری سەرۆک هەن. یەکێک لە رێکخەرانی ئەم هەڵمەتە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە: "کارە نهێنییەکان بە سروشتی خۆیان شەفافییەتیان تێدا نییە، هیچ رێگەیەکیش نییە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئامرازەکانمان بۆ زیانگەیاندن یان بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و پێشێلکردنی ئازادییەکان بەکارناهێنرێن."
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە گووگڵ کێبڕکێ دەکات بۆ ئەوەی ببێتە دابینکاری یەکەمی حکوومەتی ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا. بەگوێرەی نامەکە، گووگڵ داوای کردبوو مەرجێک لە گرێبەستەکەدا هەبێت کە رێگری بکات لە بەکارهێنانی "Gemini" بۆ چەکی خۆکار (بێ چاودێری مرۆڤ)، بەڵام پێنتاگۆن گوشار دەکات بۆ ئەوەی دەستەواژەی "هەموو بەکارهێنانە یاساییەکان" جێگیر بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی دەستیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کراوە بێت.
کارمەندانی گووگڵ دەڵێن ئەو گەرەنتییانەی کۆمپانیاکە باسی دەکات لە رووی تەکنیکییەوە جێبەجێ ناکرێن، چونکە یاساکانی پێنتاگۆن رێگە بە لایەنی دەرەکی نادەن کۆتوبەند بخەنە سەر سیستمە ژیرییە دەستکردەکانیان. یەکێک لە کارمەندەکان دەڵێت: "ئەگەر سەرکردایەتی گووگڵ لە رێگریکردن لە زیانەکان جددییە، دەبێت هەموو جۆرە کارێکی سەربازیی نهێنی رەتبکاتەوە."
ئەم ناڕەزایەتییە بیرخەرەوەی هەڵوێستی کارمەندانی گووگڵە لە ساڵی 2018، کە توانییان کۆمپانیاکە ناچار بکەن واز لە پرۆژەی "Maven" بهێنێت، کە تایبەت بوو بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی پێنتاگۆن. بەڵام لە ساڵانی دواییدا، گووگڵ هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی سەربازی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کێبڕکێی کۆمپانیاکانی وەک ئامازۆن و مایکرۆسۆفت بکات.