ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی درێژکردنەوەی گەمارۆی سەر ئێرانیان تاوتوێ کرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و گازی وڵاتەکەی، پرسی درێژکردنەوەی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی بۆ چەندین مانگی دیکە تاوتوێ کرد. ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ستراتیژییەک بدۆزێتەوە کە تێیدا فشارەکان بۆ سەر تاران بەردەوام بن و لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکانی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی لەسەر بەکاربەرانی ئەمریکی کەم بکرێتەوە.
چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچووە و تێیدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، و راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ وەک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف ئامادە بوون. لە لایەن کۆمپانیاکانی وزەشەوە، مایک وێرس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (Chevron) یەکێک بووە لە بەشداربووە سەرەکییەکان.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە وەرگرتنی پێشنیازی کۆمپانیاکان بووە بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەتوانن گەمارۆی سەر ئێران و گەرووی هورمز بۆ چەندین مانگی دیکە درێژ بکەنەوە ئەگەر پێویست بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە داخرانی گەرووی هورمز، کە چارەکێکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، نرخەکانی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
ترەمپ و کۆمارییەکان نیگەرانن لە لێکەوتە سیاسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا، کە ئێستا گەیشتووەتە 4.23 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 2022ـەوە. هەرچەندە کۆشکی سپی کارئاسانیی یاسایی بۆ گواستنەوەی نەوت کردووە، بەڵام بژاردەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ سنووردارن.
پەککەوتنی ناردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە لایەکەوە مەترسی بۆ ئابووریی جیهان دروست کردووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە بازاڕێکی گەورەی بۆ نەوت و گازی سروشتیی ئەمریکا رەخساندووە تاوەکوو جێگەی وزەی ناوچەکە بگرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پەرەسەندنەکانی ڤەنزوێلا و داهاتووی گواستنەوەی دەریاییش کراوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران، بە ڕێژەی 5.16% بەرزبووەوە و گەیشتە 117 دۆلار، کە ئەمە ئاستێکی پێوانەیییە لەم مانگەدا.
هاوکات نەوتی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە هەمان ئاراستە هەنگاوی نا و نرخەکەی بە رێژەی 4.85% زیادی کرد، بەو شێوەیەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 104.78 دۆلار.