مۆسکۆ هێشتا بڕیاری گەڕانەوەی کارمەندەکانی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر نەداوە
کۆمپانیای رۆساتۆمی رووسی ڕایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی فەرمانبەرەکانیان بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە زۆربەی تیمە تەکنیکییەکانی رووسیا بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و هێرشە سەربازییەکان، ناوچەکەیان جێهێشتووە و تەنیا تیمێکی بچووک بۆ کاری پاراستن ماونەتەوە.
چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری ئەلێکسی لیخاتشێڤ، سەرۆکی کۆمپانیای رۆساتۆم بڵاوی کردەوە، بەشێکی زۆری کارمەندە رووسییەکان وێستگەکەیان جێهێشتووە. ئێستا تەنیا تیمێکی بچووک کە نزیکەی 20 کەس دەبن، لە شوێنەکە ماونەتەوە کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری لقەکە و جێگرەکانی، لەگەڵ تیمێکی ئەمنی و تەکنیکارانی بەرپرس لە چاکسازی و سەلامەتیی ئامێرەکان.
بەپێی راپۆرتەکە، ڕووسیا لە چەند قۆناغێکدا کارمەندەکانی لە بوشەهر گواستووەتەوە، لە دوایین قۆناغدا، نزیکەی 180 فەرمانبەر بەرەو شاری ئەسفەهان گواستراونەتەوە؛ هەروەها لە 4ی نیساندا، 198 کرێکار وێستگەکەیان جێهێشت، ئەمەش دوای ئەوەی دەوروبەری وێستگەکە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکی-ئیسرائیلی بووەوە؛ پێشتریش لە 25ی ئاداردا، 163 فەرمانبەری دیکە وڵاتەکەیان جێهێشتبوو.
لیخاتشێڤ جەختی کردەوە چۆڵکردنی تەواوەتیی وێستگەکە مەحاڵە، چونکە پێویستە ژمارەیەک تەکنیکدا لەوێ بمێننەوە تاوەکو کارکردنی وێستگەکە و بەردەوامیی چاکسازییەکان گەرەنتی بکەن.
رووسیا هاوبەشی سەرەکیی ئێرانە لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر و شارەزایانی ئەو وڵاتە سەرپەرشتیی لایەنی تەکنیکی و پشتیوانیی وێستگەکە دەکەن، بەڵام گرژییە سەربازییەکانی ئێستا وای کردووە مۆسکۆ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مانەوەی هاوڵاتیانی لەو ناوچانەدا بکات.