پاکستان: هەوڵەکان بۆ ئاشتی بەردەوامن و چاوەڕێی وەڵامی ئێرانین
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئاماژە بەوەش دەکات، کە دوای چەندین گفتوگۆی چڕوپڕ، ئێستا ئیسلام ئاباد چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی تارانە بۆ رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی لە ئیسلام ئابادی پایتەخت، رایگەیاند؛ لە 11ـی نیسانی ئەمساڵدا، یەکەمین گەڕی دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوە چوو، کە بووە هۆی بەدەستهێنانی پێشکەوتنێک لە پرسی ئاگربەستدا و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ماوە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، کۆتایی هەفتەی رابردوو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاکستانی کرد و گەڕێکی دیکەی درێژخایەنی دانوستان لە نێوان تاران و ئیسلام ئاباد بەڕێوە چووە. دواتر عێراقچی چووە عوممان و پێش بەڕێکەوتنیشی بەرەو ڕووسیا، بۆ ماوەیەکی کورت گەڕاوەتەوە پاکستان.
سەبارەت بە وەڵامی ئێران، شەهباز شەریف ئاشکرای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران، "پێش گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵم کردووە و دڵنیایی داوە کە دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی وڵاتەکەی، لە نزیکترین کاتدا وەڵاممان دەدەنەوە، بێ ئەوەی سروشتی وەڵامەکە ئاشکرا بکات."
پێشتریش پاکستان رایگەیاندبوو، کە هەوڵی میوانداریکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەدات، بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی کە لە نێوانیاندا هەن.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی حکوومیی پاکستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە؛ "کە ئێرانییەکان لە وەڵامدانەوەدا زۆر خاون."
ئەو بەرپرسە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "پێدەچێت سەرکردایەتیی یەکگرتوو بۆ بڕیاردان لە ئێران بوونی نەبێت،" و هەندێک جار وەڵامدانەوەکەیان دوو بۆ سێ رۆژ دەخایەنێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار ئاماژەی بە بوونی ناکۆکیی ناوخۆیی لە ئێران کردووە کە دەبنە هۆی دواخستنی رێککەوتنەکە، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە.
بە پێی زانیارییەکان، عێراقچی پێشنیازێکی نوێی بۆ راگرتنی جەنگ خستووەتە روو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ رەزامەندیی لەسەر نیشان نەداوە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تاران پێشنیازێکی هەموارکراو پێشکەش بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە لایەن تارانەوە لەم بارەیەوە نەدراوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نوێ کردەوە بە مەبەستی پەلەکردن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش جەختی لەوە کردوەوە، کە حکوومەتەکەی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.