تورکیش ئێرلاین، پێگاسۆس و قەتەر ئێروەیز گەشتەکانیان دەستپێدەکەنەوە

بڕیارە لە مانگی داهاتوودا سێ هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستپێبکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت، هەردوو هێڵی ئاسمانیی "تورکیش ئێرلاین" و هێڵی ئاسمانیی "پێگاسۆس"ی تورکی، لە رێکەوتی 8ـی ئایاری 2026،  گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستپێدەکەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا،  هێڵی ئاسمانیی "قەتەر ئێروەیز" ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە و بڕیارە لە 10ـی ئایاری 2026، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستپێبکاتەوە.

دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی ئەم سێ هێڵە ئاسمانییە گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی گەشتیاری و بازرگانی دەبێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو گەشتیارانە دەکات کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن.