نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگی ئێران و ئەمریکا 32 ملیۆن کەس دەخاتە نێو بازنەی هەژارییەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان زەنگی مەترسی لێدەدات و هۆشداری دەدات کە جەنگی ئێستا تەنیا ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بژێوی 32 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا. بەهۆی پەککەوتنی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەینی کشتوکاڵی، وڵاتانی هەژار باجی گەورەی ئەم ململانێیە دەدەن، لە کاتێکدا هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی مێژوویی.
چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، ئەلێکساندەر دی کرۆ، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی (G7) لە پاریس لە رێگەی ئاژانسی فرانس پرێس، هۆشداری دا کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهۆی بەرزکردنەوەی بەرچاوی نرخی وزە و پەینی کشتوکاڵی، مەترسیی ئەوەی هەیە زیاتر لە 32 ملیۆن کەس لە 160 وڵاتی جیهاندا بخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
دی کرۆ ڕاشیگەیاند، "دەیان ساڵمان پێچوو تاوەکو کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و ئابوورییەکی ناوخۆیی بنیات بنێین، بەڵام تەنیا چەند هەفتەیەکی جەنگ بەس بوو بۆ تێکدانی هەموو ئەو دەستکەوتانە."
بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز، کە پێنجیەکی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، جیهان رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی کەرەستە خاوەکانی دروستکردنی پەینی کشتوکاڵی بووەتەوە. ئەمەش وای کردووە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا رێکاری توندی وەک "بەشەێنەکردنی سووتەمەنی" و کەمکردنەوەی رۆژانی کارکردن بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردن.
راپۆرتەکەی UNDP ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتانی باشووری بیابانی گەورە لە ئەفریقا، وڵاتانی ئاسیای وەک بەنگلادیش و کەمبۆدیا، زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. جگە لە گرانیی نرخەکان، دابەزینی ئەو پارەیەی کە کرێکارانی نیشتەجێی کەنداو بۆ وڵاتەکانی خۆیانی دەنێرنەوە، باری بژێوی ملیۆنان خێزانی قورستر کردووە.
بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، بۆ رێگری لەم کارەساتە مرۆییە، پێویستیان بە 6 ملیار دۆلار هاوکاریی خێرا هەیە بۆ پشتیوانیی چینی هەژار؛ "رەنگە 6 ملیار دۆلار بە پارەیەکی زۆر ببینرێت، بەڵام لە راستیدا ئەم جەنگە هەفتانە 9 ملیار دۆلار تێچووی هەیە."
ئەم قەیرانە لە کاتێکدا دێت کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتە هەژارەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی و لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی 23% کەمی کردووە، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی بڕینی بودجەی هاوکارییەکان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا.
هەروەها دوێنێ سێشەممە 28ی نیسانی 2026، هاوپەیمانی ئەڵمانی (Erlesyar.de) و رێکخراوی فریاگوزاری (Misereor)، لە راپۆرتێکی هاوبەشدا رایانگەیاندبوو، جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆ دەریاییەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک، ئەمەش باری دارایی وڵاتانی هەژاری قورستر کردووە. جگە لەو 44 وڵاتەی لە مەترسیی جددیدان، 25 وڵاتی دیکە قەرزەکانیان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و 15 وڵاتیش لەژێر هەڕەشەدان.