هەولێر.. فیلمی سینەمایی "مەتری شەش و نیو" نمایش کرا
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، فیلمی سینمایی "مەتری شەش و نیو"، کە لە دەرهێنانی سەعید روستاییە، لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایش کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "ئەم فیلمە سینەماییە بە دۆبلاژکراوی کوردی نمایشمان کرد، کە فیلمێکی زۆر بەهێز و جوانە و باس لە بابەتێکی کۆمەڵایەتی دەکات، لە هەموو دونیادا ئەو بابەتە بوونی هەیە، بەشێک لە خەڵک رووبەرووی بابەتە قەدەخەکراوەکان بوونەتەوە، ئێمەش دەمانەوێ لە رێگەی سینەماوە خەڵک هۆشیار بکەینەوە لە بابەتە قەدەخەکراوەکان و کۆمەڵگە بەرە و راستەڕێیەکی باشتر ئاراستە بکەین، لەبەر ئەوەی کاری سینەما ئەوەیە دیاردەکان بکاتە پێوەرێک بۆ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و جیهانی لە رێگەی سینەماوە ئاشنا بکرێت و لە شتە باشەکان سەرکەوتووتر بن."
شاخەوان مستەفا گوتیشی، "ئێمە وەکو سینەمای هەولێر هەموو هەفتەیەک فیلم نمایش دەکەین، چونکە بەباشی دەزانین ئەو جۆرە فیلمانە هەبێت، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو چین و توێژێک کراوەیە، جا کورد بێت یان لە نەتەوەیەکی تر بێت، چونکە پەیامی کوردستان پەیامێکی پێکەوە ژیانییە، بۆیە هەموو پێکهاتەکان کە هونەرمەندن، بۆیان هەیە گەر پڕۆژەی هونەرییان هەبێت بەتایبەت لەبواری فیلم، ئێمە دەتوانین دەرگایان بۆ بکەینەوە و خزمەتیان بکەین وەک چۆن خزمەتی هەر تاکێکی تر دەکەین."
بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، لە وەرزی بەهارەیدا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێبەرانبەر فیلمی سینمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما، نمایش دەکات.
