قالیباف: هەموومان لەژێر فەرمانی رێبەری کۆماری ئیسلامیداین
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تەنها چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆییە، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم بەرپرسانی وڵات پەیوەستن بە رێبەری باڵا، موجتەبا خامنەیی.
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "لە رۆژی یەکەمی جەنگەوە دوژمن هەوڵیدا لە ماوەی سێ رۆژدا سیستمەکە بڕووخێنێت لەرێگەی تیرۆرکردنی رێبەری شۆڕش و فەرماندە سەربازییەکان، بەڵام شکستیان هێنا، ئاماژەی بەوەش کردووە، دواتر هەوڵیاندا سیستمە هێرشبەرییەکانی وڵات لەناو ببەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بینییان کە هێشتا دەنگی مووشەک و درۆنەکان دەبیسترێت".
هەروەها گوتیشی: "دواتر هەوڵیاندا هاوشێوەی ڤەنزوێلا هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام دووبارە شکستیان هێنا، پاشان پەنایان برد بۆ چالاککردنی جوداخوازەکان لە رۆژئاوای وڵات کە ئەوانیش بە پشتیوانی خودا و هەوڵی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکان تێکشکان".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، دوای چەندین مانگ لە پیلانگێڕی و هێرشکردنە سەر بنکە ئەمنییەکان لە کاتی جەنگدا، پلانی کودەتایان داڕشت، بەڵام گەلی ئێران بە یەکدەنگی شکستیان پێ هێنان.
قالیباف باسی لەوەش کرد، ئێستا دوژمن چووەتە قۆناغێکی نوێوە و گوتی: "ئێستا دەیانەوێت لەرێگەی گەمارۆی دەریایی، پڕپاگەندەی میدیایی و گوشاری ئابوورییەوە، دووبەرەکی لە ناوخۆدا دروست بکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لاواز بکەن یان بیڕووخێنن".
جەختیشی کردەوە، "چارەسەری رووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانە نوێیە تەنها یەک شتە، ئەویش پاراستنی یەکڕیزییە، هەر کارێکی تێکدەرانە و دووبەرەکی، رێک لە خزمەت پلانی نوێی دوژمن دایە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، قالیباف دڵنیایی دایە گەلی ئێران و گوتی: "وەک بەرپرسێک کە لە ناو جەرگەی رووداوەکاندام، جەخت دەکەمەوە هەموومان شوێنکەوتووی رێبەری وڵاتین، هەروەها خێری دنیا و قیامەتیش لە پەیڕەوکردنی فەرمانەکانی ئەودایە".