ژیری دەستکرد بڕیار لەسەر ناوبژیوانەکانی لالیگا دەدات
لەمەودوا لە خولی ئیسپانیا ژیری دەستکرد ناوبژیوانی یارییەکانی خولەکە دیاری دەکات. ئەویش لە پێناو ئەوەی فشارەکان لەسەر ناوبژیوانان کەم بکرێتەوە و هەروەها گلەیی و رەخنەکانیش بە هەمان شێوە.
یەکێک لەو خولانەی کە ساڵانە رەخنە و گلەیی زۆر لەسەر ئاستی ناوبژیوانەکانی دەگیرێت، خولی ئیسپانیایە. بۆیە بەرپرسانی خولەکە ماوەیەکە بەدوای رێگە چارەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو فشارانە لەسەر ناوبژیوانەکان کەم بکەنەوە.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندودێپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە وەرزی داهاتوو بە دواوە بۆ دیاریکردنی ناوبژیوانانی هەر یارییە، پشت بە ژیری دەستکرد دەبەستردرێت، واتە لەمەودوا لیژنەی ناوبژیوانان ناتوانێت نابژیوان بۆ یارییەک دیاری بکات.
رەنگە زۆرێکتان بپرسن ئایا شێوازی دیاری کردنی ناوبژیوانی یارییەکان لەلایەن ژیری دەستکرد چۆن دەبێت؟ دەبێت لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان (CTA) ڕێنماییەکان بخاتە ناو بەرنامەکەوە تاوەکو بتوانرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ناوبژیوانان بکرێت و ببێتە بنەمایەک بۆ هەڵبژاردنی ناوبژیوانانی یارییەکان.
خاڤیەر تێباس سەرۆکی ئەنجومەنی خولی ئیسپانیا ئەو هەواڵەی راگەیاند و گووتیشی، بێجگە لەوەی کە لە رێگەی ژیری دەستکرد ناوبژیوانی یارییەکان دیاری دەکرێت، بڕیاریانداوە لە دانانی چیپ (Chip) لە ناو تۆپدا بۆ دیاریکردنی ئۆفسایدی ئۆتۆماتیکی، لە جیاتی ئەو سیستەمە نیمچە ئۆتۆماتیکییەی کە ئێستا هەیە.