ئاژانسی ئەتۆم لەگەڵ مۆسکۆ لە گفتوگۆدایە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) ئاشکرای کرد، کە زنجیرەیەک گفتوگۆیان لەگەڵ رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەستپێکردووە سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان و زەمینەسازی بۆ رێککەوتنێکی ئاشتی دەبینرێت
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس" (AP)، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی دەرهێنانی یۆرانیۆم لە ئێران ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە بڕیار و رەزامەندییەکی سیاسیی گشتگیر هەیە. گرۆسی جەختی کردەوە، "بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ئەم ماددە ئەتۆمییانە خاکی ئێران جێبهێڵن."
بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆم باسی لە بژاردەیەکی تریش کرد، ئەویش تێکەڵکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیە لەگەڵ ماددەی تردا بۆ ئەوەی ئاستی پیتاندنەکەی دابەزێنرێت و چیتر بۆ مەبەستی سەربازی بەکارنەیەت.
گرۆسی ئاشکراشی کرد، زۆربەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهانە و لە جەنگی 12 رۆژە بۆردومانکراوە ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە هەبێت، دەبێت پشکنەرانی ئاژانس بگەڕێنەوە ئێران و تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بپشکنن، بە نەتەنز و فۆردۆشەوە، چونکە هەندێک یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو دوو بنکەیە هەیە.
لە لایەکی ترەوە، شارەزایانی بواری دیپلۆماسی پێیان وایە ئەم پێشنیازە دەبێتە دەرچەیەک بۆ تاران تاوەکو لە ململانێی ئێستای لەگەڵ واشنتن رزگاری بێت. روحوڵڵا مودەبەر، پسپۆڕی ئێرانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تاس" ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئێران بڕیاری گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی بۆ رووسیا بدات، ئەوا دەتوانێت لە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان بکات و بگاتە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن و سوودبەخش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."