ئەردۆغان: پرۆسەی ئاشتی لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەدەچێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند؛ پڕۆسەی ئاشتی بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە ململانێی چەندین ساڵەی نێوان دەوڵەت و پەکەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەو رەخنانەی لەلایەن پەرلەمانتارانی سەر بەدەم پارتی ئاراستەی کرابوون.
ئەردۆغان لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: "هەنگاوەکانی ئەم دواییە پڕۆسەکەیان گەیاندووەتە قۆناخێکی هەستیارتر." ئەم لێدوانە دوای پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەیەکی پەرلەمانی هات کە نەخشەڕێگایەک بۆ چاکسازییە یاساییەکان و چارەسەرکردنی دۆسیەی پەکەکە لەخۆدەگرێت.
ئەم قسانەی سەرۆکی تورکیا تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت، تولای حاتەم ئۆغڵو هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" رەخنەی لە حکوومەتی تورکیا کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی "دوودڵە و کات دەکوژێت، سەرەڕای بوونی هەلێکی مێژوویی بۆ ئاشتی."
لەلای خۆیەوە ئەردۆغان ئەو رەخنانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "کەشێکی ئەرێنی هەیە، ئەوەی پێویستە بکرێت روونە و پڕۆسەکە وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بەڕێوەدەچێت." ئاماژەی بەوەش کرد ئەو کەسانەی ئەنجامی رەشبینانە دەربارەی پڕۆسەکە بڵاودەکەنەوە، "لەسەر بنەمای خەیاڵ و وەهم رەفتار دەکەن نەک راستییەکان."
ئەردۆغان گوتی: "بە پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەکە، گەیشتووینەتە دووڕیانێک کە پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی وردتر هەیە،" و جەختی کردەوە، هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار (هاوپەیمانی گەل) ئامانجیەتی بە هاوکاریی و پشتگیریی لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەم قۆناخە تێپەڕێت.