فشارە دەروونییەکان هەڕەشەیەکی بێدەنگە لەسەر ژیانی کارمەندان

 مەترسیی پیشەیی تەنیا لە ئامێرە قورسەکان، ماددە ژەهراوییەکان، یان رووداوە کتوپڕەکانی شوێنی بیناسازیدا کورت نابێتەوە. لە جیهانێکدا کە سروشتی کار تێیدا گۆڕاوە، مرۆڤ رووبەرووی جۆرێکی دیکەی مەترسی دەبێتەوە کە کەمتر دیارە بەڵام زیاتر دزە دەکاتە ناو جەستە و دەروون، ئەویش "فشاری درێژخایەنە".

چیتر سەلامەتی پیشەیی تەنیا بە واتای پۆشینی کڵاوی پارێزەر یان پابەندبوون بە رێنماییە جەستەییەکان نایەت. لە ناو نووسینگەکان، ژووری هەواڵ، نەخۆشخانەکان، سەنتەرەکانی پەیوەندی و کارکردن لە دوورەوە، جۆرێکی دیکە لە فشار کەڵەکە دەبێت: کاتژمێری زۆری کارکردن، نامە بێوچانەکان، ترسی لەدەستدانی کار و هەستکردن بەوەی کە پێویستە مرۆڤ 24 کاتژمێر لە ئامادەباشیدا بێت.

ژینگەی کار و تەندروستی دەروونی

هەڵمەتی ساڵی 2026ی روژی جیهانیی سەلامەتی و تەندروستی لە کاردا، جەخت لەسەر گرنگی "ژینگەی کاری دەروونی و کۆمەڵایەتی تەندروست" دەکاتەوە. ئەمەش پەیوەستە بە شێوازی رێکخستنی کار، پەیوەندییەکانی ناو دامەزراوە، دادپەروەری و پاڵپشتیی کارمەندان. ریکخراوی کاری نیودەوڵەتی مەزندە دەکات کە ساڵانە زیاتر لە 840000 گیانلەدەستدان پەیوەندییان بەو نەخۆشییانەوە هەبێت کە لە فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ژینگەی کارەوە سەرچاوە دەگرن.

لە سەلامەتی جەستەییەوە بۆ تەندروستی دەروونی

بۆ چەندین دەیەی رابردوو، سەلامەتی پیشەیی لە مێشکی خەڵکدا بە رووداوە بینراوەکانەوە بەستراوەتەوە، وەک کەوتنەخوارەوەی کرێکارێک. بەڵام گۆڕانکارییە ئابوورییەکان وایکردووە مەترسییەکان شاراوەتر بن. کارمەندی هاوچەرخ رەنگە ئامێرێکی تیژی پێ نەبێت، بەڵام لەژێر فشارێکی بەردەوامدا دەژی کە بە چاو نابینرێت. ئەم جۆرە مەترسییە بە دلەراوکێیەکی سادە دەستپێدەکات و دواتر دەگۆڕێت بۆ بێخەوی، سەرئێشە، نەمانی تەرکیز و دابەزینی توانای بەرگەگرتن.

سوتانی پیشەیی؛ زەنگێکی مەترسیدار

زاراوەی "سوتانی پیشەیی" (Burnout) بۆ وەسفکردنی ئەو ماندوێتییە زۆرە بەکاردێت کە تێیدا مرۆڤ هەست دەکات وزەی تەواو بووە و چیتر ناتوانێت داهێنەر بێت. ئەم دۆخە لەناکاو روونادات، بەڵکو بە قۆناخی بێدەنگدا تێپەڕ دەبێت؛ لە هەوڵی سەلماندنی خودەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە پشتگوێخستنی خەو و پشوو، و لە کۆتاییدا هەستکردن بە پوچی و داڕمان.

بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش

پسپۆران دەڵێن پاراستنی تەندروستی لە شوێنی کار تەنیا ئەرکی تاک نییە. ئەگەرچی کارمەند دەتوانێت بە رێکخستنی کات و خەو و وەرزش پارێزگاری لە خۆی بکات، بەڵام ئەمە بەس نییە ئەگەر ژینگەی کارەکە لەسەر بنەمای "فشار خستنە سەر کارمەند" داڕژابێت.

سەلامەتی پیشەیی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە؛ دامەزراوەکان دەبێت پێداچوونەوە بە قەبارەی کار و شێوازی بەڕێوەبردنیاندا بکەن. ژینگەیەکی تەندروست ئەو شوێنە نییە کە کاری تێدا نییە، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و کەرامەتی مرۆڤدا رادەگرێت.

لە کۆتاییدا، روژی جیهانیی سەلامەتی و تەندروستی لە کاردا کە 28ی نیسانە، ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە کارکردنی باش نابێت مرۆڤ پەکبخات. پاراستنی مرۆڤ لە شوێنی کاردا تەنیا بە رێگری لە رووداوەکان نابێت، بەڵکو بە داننان بەوە دەستپێدەکات کە فشاری دەروونی و کاتژمێری زۆری کارکردن، مەترسیی راستەقینەن و پێویستیان بە چارەسەر و یاسای توند هەیە.