11 ئەندامی یەک خێزان بەخواردنی قارچک ژەهراوی بوون

11 ئەندامی یەک خێزانی دانیشتووی گوندی بناوێی سنووری شارەدێی خەلیفان بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و ئێستاش لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە ژێر چاودێری پزیشکیدا خەوێندراون.

دکتۆر کاروان شێروان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، هەشت حاڵەتی ژەهراوی بوونی خێزانێک گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان، دواتر سێ کەسی دیکەشیان هەر بەهۆی ژەهراوی بوون و خواردنی قارچکەوە گەیەندراونە نەخۆشخانە، دوای چارەسەری سەرەتایی و باشتربوونی تەندروستیان رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران کراون، ئێستا لەوێ لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی تۆماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خەلیفان، تەمەنی هاووڵاتییەکان لە 10 بۆ 36 ساڵاندا، لە نێویاندا سێ منداڵیان تەمەنیان 10 ساڵانە.

دکتۆر کاروان شێروان رێنمایی بە هاووڵاتیان دا کە خۆیان لە خواردنی قارچی ژەهراوی بپارێزن، گوتیشی: داواکارم لە هاووڵاتیان لە هەر حاڵەتێکی لەمجۆرە و لە کاتی خواردنی قارچک، ئەگەر ژانی سکیان تووشبوو، پێویست هەرچی زووە خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

هەروەها دوێنێ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، ژمارەیەک هاووڵاتیی بەهۆی خواردنی لەفە ژەهراویبوون لە زاخۆ گەیشتە 120 کەس.