%80ـی خەڵکی سلێمانی کەمتر لە 50 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە

بەشێکی زۆری بەشداربووانی پڕۆژەی "رووناکی" لە سلێمانی پارەی مانگانەیان زۆر کەم بۆ هاتووەتەوە و هاووڵاتییان و کاسبکاران لە خزمەتگوزارییەکە رازین و بە جێگرەوەیەکی باشی مۆلیدەی ئەهلی دەزانن.

یەک ملیۆن و 345 هەزار هاووڵاتی و 47 هەزار و 200 هاوبەشی بازرگانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە پرۆژەی "رووناکی" سوودمەندن. ئامارەکان پیشانی دەدەن 80%ـیان بۆ مانگێک کەمتر لە 50 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە. 

کاسبکارێکی شاری سلێمانی لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند، زۆر لە خزمەتگوزارییەکە رازییە و پێی وایە کارێکی زۆر باشە، چونکە ئێستا 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە. روونیشی کردەوە، پێشتر بۆ 15 رۆژ بڕی 60 هەزار دیناری بەخشیبووە مۆلیدەی ئەهلی، بەڵام ئێستا پارەی کارەبای ماڵەوەی بە یەکجاری بۆ هاتووەتەوە و بۆ دووکانەکەشی تەنیا 23 هەزار و 500 دیناری داوە. ئاماژەی بەوەش دا، بە پارەی دوو ئەمپێری مۆلیدە، کارەبای بەردەوامیان دەست دەکەوێت.

هاووڵاتییەکی تر وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە پرۆژەکە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر خەڵک بەپێی پێویستی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن، هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت. ئەو کاسبکارە ئامێری بڕین و لەحیم بەکاردەهێنێت و پارەی کارەبای دووکانەکەی 39 هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا بۆ ماڵەکەی تەنیا 22 هەزار دیناری داوە.

بەشێکی تر لە دانیشتووانی سلێمانی پێیان وایە پڕۆژەکە خەڵکی فێری دەستپێوەگرتن کردووە. خاوەن پیشەیەکی ناو بازاڕ ئاماژەی بەوە دا، پێشتر بۆ ئیشوکارەکانیان پشتیان بە مۆلیدە دەبەست، بەڵام ئێستا کارەبای نیشتمانی بەکاردەهێنن و تێچووەکەشی زۆر هەرزانترە. 

پڕۆژەی رووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوە و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە کێشەی نەبوونی کارەبا و نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.  پڕۆژەکە سەرەتا لە شاری هەولێر دەستی پێکرد و دواتر فراوان کرا بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک.