ئەمریکا وادەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای لوک ئۆیلی درێژکردەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی دەرکرد و وادەیەکی تری دیاریکرد تا ناوەڕاستی ساڵی 2026، بۆ ئەوەی کۆمپانیا جیهانییەکان بتوانن ئەو پشک و کێڵگە نەوتییانە بکڕن کە هی کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"ی رووسین.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"ـی رووسی دەرکرد و وادەی کۆتایی بۆ کۆمپانیاکانی وزە درێژکردەوە تاوەکو 30ـی ئایاری 2026 بۆ ئەوەی بتوانن گرێبەستەکانی کڕینی ئەو پشکانە تەواو بکەن. ئەم بڕیارە پێنجەمین جارە درێژ دەکرێتەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئاڵۆزیی ئەو سزایانەی واشنتن بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا سەپاندوویەتی.

بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، ئەمریکا دەیەوێت رێگری لە رووسیا بکات داهاتی نەوتی دەستکەوێت و لەجەنگ بەکاری بهێنێت، بۆیە سزای بەسەر کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"دا سەپاندووە و ناچاری کردووە هەموو پڕۆژەکانی لە دەرەوەی رووسیا بفرۆشێت، نرخی ئەو پڕۆژانەش بە 22 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

کۆمپانیای لوک ئۆیڵ یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە عێراق، ئەم کۆمپانیایە سەرپەرشتی کێڵگەی "رۆژئاوای قورنە 2" دەکات لە بەسرە، کە رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. هەروەها لە ئێستا کۆمپانیا گەورەکانی وەک "ئێکسۆن مۆبیل"ی ئەمریکی چاویان لەوەیە ئەو کێڵگەیە و پڕۆژەکانی تری لوک ئۆیڵ بکڕن.

ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر کۆمپانیایەک پشکەکانی لوک ئۆیڵ بکڕێت، نابێت پارەکە راستەوخۆ بداتە دەست رووسیا، بەڵکو دەبێت پارەکە بچێتە حسابێکی بانکییەوە کە لەژێر چاودێری ئەمریکادایە، بۆ ئەوەی رووسیا بۆ کاری شەڕ بەکاری نەهێنێت.

چونکە فرۆشتنی کێڵگەیەکی گەورەی وەک رۆژئاوای قورنە 2، زۆر ئاڵۆزە و کاتی زۆری دەوێت تا کۆمپانیا نوێیەکان و حکوومەتی عێراق رێکدەکەون، ئەمە پێنجەمجارە ئەمریکا کاتەکە درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی فرۆشتنەکە بە شێوەیەکی یاسایی و بێ کێشە تەواو بێت.

کۆمپانیای لوك ئۆیلی رووسی خاوەنی %75ـی پشکەکانی بەگەڕخستنی کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2ـە، بەڵام لە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 رایگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ناتوانێت چیتر لە کارەکانی بەردەوام بێت.

کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قورنە 2ـی بەسرە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق. لە ساڵی 1973 دۆزرایەوە، ئەم کێڵگەیە بەردی بناغەی ئابووری عێراقە، بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتدا.