هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی جۆڵەمێرگ بە 19 ساڵ زیندانی سزا درا
سزای زیندانی 19 ساڵ و شەش مانگ بەسەر هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی جۆڵەمێرگدا سەپێندرا، دەم پارتیش ئەم هەنگاوە بە "کودەتای دادوەری" دژ بە ویستی گەل ناودەبات.
دادگای یەکی تاوانە قورسەکانی جۆڵەمێرگ بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی جۆڵەمێرگ دەرکرد و سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ نوێ کردەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە پێشتر دادگای تێهەڵچوونەوەی وان هەمان سزای هەڵوەشاندبووەوە و دۆسیەکەی بۆ دادگای جۆڵەمێرگ ناردبووەوە، بەڵام دادگای ناوخۆیی جۆڵەمێرگ سوور بوو لەسەر بڕیارە کۆنەکەی خۆی و داواکاری بێتاوانی پارێزەرانی محەممەد سدیق ئاکشی رەتکردەوە.
دادگا بێ گوێدانە سەرنجەکانی دادگای تێهەڵچوونەوە، سزاکەی وەک خۆی بەسەر محەممەد سدیق ئاکش و 10 تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکەدا پەسند کردەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کاردانەوەی تووندی بەرانبەر ئەم بڕیارە نیشان دا و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە کودەتایەکی دادوەرییە دژ بە سیاسەتی دیموکراتی لە وڵاتدا.
تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا حکوومەت قەیومی بۆ شارەوانییەکە دانا و دواتر ئەم سزایەی بەسەر هاوسەرۆکەکەدا سەپاند، ئەمانە هەمووی نیشانەی پشتگوێخستنی ویستی گەل و دانیشتووانی جۆڵەمێرگە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، سزادانی محەممەد سدیق ئاکش لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کۆمەڵگە تینووی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییە، بەڵام ئەم جۆرە بڕیارانە تەنیا دەبنە هۆی بریندارکردنی باوەڕی گەل بە رێچکەی ئاشتی و داواشی کرد کۆتایی بەو نادادییانە بهێنرێت.
کێشەی دانانی سەرپەرشتیار یان قەیوم بۆ شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە، چەندین ساڵە بەردەوامە. محەممەد سدیق ئاکش لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024ـدا وەک هاوسەرۆکی شارەوانی جۆڵەمێرگ هەڵبژێردرا، بەڵام تەنیا دوای دوو مانگ لە پۆستەکەی لادرا و دەستگیر کرا.
ئەمە یەکەمین شارەوانی بوو لە دوای هەڵبژاردنەکان قەیومی بۆ دابنرێت، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئاستی تورکیا و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.