سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دێتە هەولێر و داوای گەڕانەوەی پارتی دەکات
بڕیارە رۆژی شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، بگاتە شاری هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، عەلی زەیدی دوای راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەکان ئەنجامداوە و لە درێژەی دیدارەکانیشیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بۆ هەولێر، گفتوگۆکردنە لەسەر بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی داهاتوودا. ناوبراو دەیەوێت حکوومەتەکەی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان لەخۆ بگرێت و هەوڵ دەدات رەزامەندیی پارتی بەدەستبهێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و کۆتاییهێنان بە بایکۆتی پەرلەمان و حکوومەت.
لەو دیدارەدا، عەلی زەیدی دیدگا و بەرنامەی خۆی بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومەت بۆ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵا دەخاتە روو. لە بەرامبەریشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵێک داواکاری و نیگەرانیی ئامادە کردووە و بڕیارە بە روونی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو تاوتوێیان بکات.
عەلی زەیدی بەوە دەناسرێت، پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگی لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە، ئەمەش وەک خاڵێکی ئەرێنی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکەی دەبینرێت.