ترەمپ: لەنێوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، ئەڵمانیا و جیهانیش ئارامتر دەکات
سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا هێرشی کردە سەر راوێژکاری ئەڵمانیا و داوای لێ کرد لەبری دەستوەردان لە پرسی ئەتۆمیی ئێران، سەرقاڵی چارەکردنی قەیرانی کۆچبەران و وزەی وڵاتەکەی بێت.
پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس"، رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و داوای لێ کرد سەرنجی زیاتر بخاتە سەر کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "پێویستە راوێژکاری ئەڵمانیا کاتی زیاتر تەرخان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا (کە لەو بوارەدا تەواو بێکاریگەر بووە!)، هەروەها بۆ چارەکردن و چاککردنی وڵاتە وێرانەکەی، بە تایبەتی لە پرسی کۆچبەران و وزەدا."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە پرسی ئێران و رایگەیاند: "پێویستە کەمتر دەستوەردان لە کاروباری ئەو لایەنانەدا بکات کە سەرقاڵی لەناوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانن، چونکە بەم کارەیان جیهان بەگشتی و ئەڵمانیاش بەتایبەتی دەکەنە شوێنێکی ئارامتر و پارێزراوتر."