واشنتن گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشاندەوە
گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا "جێراڵد فۆرد"، کۆتایی بە ئەرکەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا و بەرەو کەناراوەکانی ئەمریکا بە رێ کەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز"، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە، ئاشکرای کرد، کە گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری وڵاتەکە "جێراڵد فۆرد"، بە یاوەریی سێ کەشتیی جەنگی وێرانکەر بە ناوەکانی (ماهان، وینستۆن چەرچڵ و باینبریج)، کۆتایی بە ئەرکەکانی لە ناوچەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێناوە و ئێستا بەرەو بەندەری نۆرفۆڵکی ویلایەتی ڤێرجینیا بە رێ کەوتووە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم گەشتە بە درێژیی ماوەکەی جیادەکرێتەوە، چونکە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"، درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی سەربازی لە مێژووی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە تۆمار کردووە.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحە کە بە "قەڵای سەرئاوکەوتوو" وەسف دەکرێت، لە ئەورووپاوە بەرەو دەریای کاریبی و پاشان بۆ دەریای ناوەڕاست جووڵەی کردووە، لەوێشەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بەکارهاتووە و دوو جاریش چووەتە ناو ئاوەکانی دەریای سوورەوە.
لە راپۆرتەکەدا روونیش کراوەتەوە، کە بوونی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات بووە لەگەڵ جێگیرکردنی دوو فڕۆکەهەڵگری دیکە بە ناوەکانی (ئەبراهام لینکن) و (جۆرج بووش)، کە ئەمەش یەکەمین بڵاوەپێکردنی سەربازییە بەم قەبارە گەورەیە لە دوای ساڵی 2003ـەوە. ئەمریکا لە یەک کاتدا سێ فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا کۆکردەوە، کە ئەم هەنگاوە لە لایەن چاودێرانەوە وەک پەیامێکی بەهێز بۆ نەیارانی واشنتن لێکدرایەوە.
پێشبینیش دەکرێت ئەم کەشتیگەلە جەنگییە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە کەناراوەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژیان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەسەر برد.
کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"، بە پێشکەوتووترین و تێچوودارترین کەشتی لە مێژووی هێزی دەریایی ئەمریکادا هەژمار دەکرێت، کە تێچووی دروستکردنەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 13 ملیار دۆلار و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کەشتی "جێراڵد فۆرد" لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە بەندەری "نۆرفۆلک"ی لە ویلایەتی ڤێرجینیا جێهێشتبوو. بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا دوو جار ماوەی مانەوەی لە ناوچەکەدا درێژکرابووەوە.