کەرکووک، ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوەکەی گەڕەکی دەروازە بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی ئەو رووداوە هاتوچۆیەی رۆژی یەکشەممە لە گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکووک روویدا، بەرزبووەوە بۆ حەوت کەس، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێکی دیکە لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپارد.

پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، د. شاسوار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکێکی دیکە لە بریندارانی رووداوەکەی گەڕەکی دەروازە بە ناوی (بەیان رەحموڵڵا فەتحوڵڵا) کە لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک گیانی لەدەستدا".

بە گیان لەدەستدانی ئەو هاووڵاتییەش، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 7 کەس. 

سەبارەت بە بریندارەکانیش، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بریندارەکان 27 کەس بوون و لە ئێستادا بەشێکی زۆریان دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

رووداوەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکووک روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بوونە قوربانی.