گۆتێرێز: پێویستە بێ مەرج گەرووی هورمز بکرێتەوە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری تووندی دا لە مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و جەختی لەسەر پێویستی دەستبەجێ کردنەوەی و دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی کردەوە.
پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "نیگەرانییەکی قووڵم هەیە بەرامبەر سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەیشتنی شێوازەکانی وزە (نەوت و گاز) و کەلوپەلە سەرەکییەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان".
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کردنەوەی گەرویی هورمز کارێکی بنەڕەتییە و گوتی: "داخستنی گەرووی هورمز ئابووری جیهان دەخنکێنێت".
سەبارەت بە لێکەوتە داراییەکانی ئەم دۆخە، گۆتێرێز هۆشداری دا، تەنانەت لە باشترین سیناریۆکاندا، گەشەی ئابووری جیهان بۆ 3.1% پاشەکشە دەکات، ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان و زیادبوونی رێژەی هەڵئاوسان لە ئاستی جیهاندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئاشکرای کرد، لە ئێستادا کار دەکرێت بۆ دانانی چوارچێوەیەک بە مەبەستی رزگارکردنی کەشتییەکان و دەریاوانەکان بە شێوەیەکی سەلامەت لە ناوچەی ململانێکان، ئەگەر بارودۆخی مەیدانی رێگە بدات.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە گەرووی هورمز کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی جیهان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە داخراوە، ئەمەش کاریگەری گەورەی دروست کردووە لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کاڵ و کەلوپەلەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.