هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی لە هەڵەبجە خێرا دەکرێن؛ کاتی دابەشکردنەکە دیاریی کرا
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە رایگەیاند: بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی پارێزگای هەڵەبجە دابەش بکرێت.
پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا تایبەتدا بۆ کوردستان24، زانیاری لە بارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرا کرد.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، دەڵێت: "ئەو زەوییانەی کە بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیک بەسەر فەرمانبەرانی دابەش بکەین، لە قۆناغی ئێستا رووپێومان بۆ کردوون و نەخشە کەرتییەکانیمان ئامادە کردوون، تەنیا هەندێک کێشەی کوژاندنەوەی زەوییەکانمان ماوە و ئەویش خەریکین چارەی دەکەین. "
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی زەوی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی: لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی هەڵەبجە زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی سەلام بیلال، هەشت هەزار و 118 کەس لە هەڵەبجە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە یەک دوو مانگی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە تیروپشک دەست پێدەکات.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.