سێنتکۆم: رێگریمان لە 44 کەشتیی بازرگانی کردووە بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، وێنەیەکی نوێی هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لە دەریای عەرەبی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا(سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕێگەی کەشتیی جەنگیی "نوئۆرلینز" لە دەریای عەرەب، ئەرکی چاودێریکردنی جووڵە دەریاییەکان و جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران بەڕێوەدەبەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا هێزەکانیان توانیویانە رێگری لە 44 کەشتیی بازرگانی بکەن کە ویستوویانە بچنە نێو بەندەرەکانی ئێران و هەموو کەشتییەکانیان گەڕاندووەتەوە.