ئەمریکا پلانێکی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە کردووە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە، پلانێکی نوێی سەربازییان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران خستە بەردەم دۆناڵد ترەمپ. سەرۆکی ئەمریکاش جەخت دەکاتەوە کە جەنگ تەنیا بە یەک مەرج کۆتایی دێت، ئەویش رێگریی یەکجارییە لە تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.

رۆژی پێنجشەممە، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) و دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، راپۆرتێکی وردیان سەبارەت بە پلانە سەربازییە نوێیەکەیان دژی ئێران پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد.

دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یان راگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی 45 خولەک بەردەوام بووە. ئەم هەنگاوەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئەمریکا و رەنگە ئیسرائیلیش دژی ئێران زیاد دەکات، کە دوای ئاگربەستەکەی 7ی نیسانی رابردوو تا رادەیەک هێور ببووەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ "ئەکسیۆس" ئاشکرایان کردووە، سێنتکۆم پلانێکی بۆ وەشاندنی زنجیرە گورزێکی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە، کە پێشبینی دەکرێت ئامانجەکان تێیدا پەکخستنی ژێرخانی ئەو وڵاتە بێت، بە ئامانجی "شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان".

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پلانەکە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەخۆ دەگرێت.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیووزماکس" کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، "تاکە مەرجی" خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دژی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا گورزێکی کوشندەی لە سوپای ئێران و سەرکردایەتییەکەی وەشاندووە، بەڵام ئەم ململانێیە تەنیا ئەو کاتە کۆتایی دێت کە تاران بە یەکجاری لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی قەدەخە بکرێت."

ترەمپ گوتیشی: "ئێمە لە راستیدا سەرکەوتووین، بەڵام دەمەوێت سەرکەوتنەکە گەورەتر بێت. هێزی دەریایی، ئاسمانی و هەموو شتێکی ئەوانمان تێکشکاندووە. ئەگەر سەیری سیستەمە دژە فڕێینەکان و رادارەکان و سەرکردایەتییان بکەن، دەبینن هەموویان لەناوچوون."

سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە وڵاتێکی "پەککەوتە لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە" وەسف کرد و گوتی: "تەنیا بوونی گەرەنتییەکی بەهێز دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەتوانێت ئەنجامێکی هەمیشەیی بەدەست بهێنێت. ئەگەر ئێستا بکشێینەوە، 20 ساڵی تری دەوێت تاوەکو ئێران بتوانێت خۆی بنیاد بنێتەوە، ئەگەر هەر بتوانن ئەوە بکەنەوە."

لەلایەکی دیکەوە ریچارد بلومێنتال، سیناتۆری ئەمریکی رایگەیاند، ئیدارەی واشنتن هیچ ستراتیژییەکی روون و یەکگرتووی بەرانبەر تاران نییە و هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ لەنێوان مەیلی دانوستان و هەڕەشەی وێرانکارییدا دێن و دەچن. ئەو سیناتۆرە هۆشداری دا کە بژاردەی هێرشی سەربازیی نزیک "لەسەر مێزە"، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە چونکە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی زۆر لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا. بلومێنتال جەختیشی کردەوە کە هیچ کام لە ئامانجەکانی ئەمریکا، چ لەبارەی رێگریی لە پیتاندنی یۆرانیۆم یان سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک لەلایەن ئێرانەوە، بەدی نەهاتوون.