لە ئیستانبوڵ رێکاری توند بۆ رێگری لە خۆپیشاندانی کرێکاران گیراوەتەبەر

لە ئیستانبوڵ رێگە بە خۆپیشاندان بۆ جەژنی کرێکاران نادرێت و چەندین رێکاری توند گیراونەتەبەر.

لە ئیستانبوڵ بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانی 1ی ئایار چەندین رێکاری توند گیراوەتە بەر پارێزگاری ئەستەنبوڵ بە بیانووی ڕێگریکردن لە "جوڵەی گروپە پاراوێزخراوەکان" و پاراستنی ئاسایش، زنجیرەیەک بڕیاری توند و قەدەغەی هاتووچۆی بۆ رۆژی 1ی ئایار (ڕۆژی جیهانی کرێکاران) راگەیاند. بەپێی بڕیارەکان، پێنج ناوچەی سەرەکی شارەکە (بێئۆغڵو، بێشیکتاش، شیشلی، کادیکۆی و کارتاڵ) ڕێکاری توندیان تێدا دەگیرێتەبەر و دەیان شەقام و کۆڵان بە ڕووی هاتووچۆدا دادەخرێن.

گرنگترین بڕیارەکان بریتین لە داخستنی وێستگەکانی میترۆ لە ناوچە هەستیارەکانی وەک تەقسیم، شیشهانە و عوسمانبەی، هەروەها ڕاگرتنی گەشتە دەریاییەکان لە بەری ئاسیای ئەستەنبوڵەوە بۆ بەری ئەوروپا.

جگە لە قەدەغەی هاتووچۆ، پارێزگاری فەرمانی داوە بە چۆڵکردنی گەراجەکانی ئۆتۆمبێل لە دەوروبەری مەیدانی تەقسیم و ناوچە قەرەباڵغەکان. هاوکات، تەواوی نەخۆشخانەکان و تیمە تەندروستییەکانی شارەکە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە کاتی گردبوونەوەکاندا.