دەم پارتی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ مافی کرێکاران دەکات

دەم پارتی دەڵێت، تورکیا لە ریزبەندی 10 خراپترین وڵاتانی جیهاندایە بۆ مافی کرێکاران و دەم پارتیش داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی دەکات.

سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە مەبەستی دیاریکردنی کێشەکانی کرێکاران و داڕشتنی سیاسەتی پارێزگاری بۆیان، پێشنیازێکی فەرمییان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. 

لە دەقی پێشنیازەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تورکیا بەپێی پێوەرە جیهانییەکان لە ڕیزبەندی 10 خراپترین وڵاتانی جیهاندایە بۆ پێشێلکردنی مافی کرێکاران، بە جۆرێک کە هەڵاوسانی بەرز و کەمیی مووچە ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە و زۆربەی کرێکارانیش لە مافە سەرەتاییەکانی وەک بیمە و خانەنشینی بێبەشن. 

هەروەها جەخت لەسەر ئامارە مەترسیدارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران کراوەتەوە کە تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە دوو هەزار کەس بوونەتە قوربانی، لە پاڵ ئەمەشدا باس لە گوشارەکان بۆ سەر سەندیکاکان و جیاکارییە رەگەزییەکان دژی ژنان لە شوێنی کاردا کراوە کە وایکردووە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە ببێتە پێویستییەکی هەنووکەیی

هاوکات کە ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کرێکارانە لە جیهان، لە ئیستەنبوڵ رێککاری توند گیراونەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی کرێکاران.